گۆڕان یاری بە كات دەكات, لە داواكانی خۆی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان پاشگەزبووەتەوە

دوای ئەوەی پارتی بڕیاری كاراكردنەوەی بێ‌ مەرجی پەرلەمانی كوردستانی دەركرد, ئەمەش دوای زنجیرەیەك كۆبوونەوەی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان هات, بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان لە ئێستادا ئامادەی كاراكردنەوەی پەرلەمان نیە, هەفتەنامەیەكی نزیك لە یەكێتی دەڵێت:” بزووتنەوەی گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان، ”یاری بە كات دەكات“ و لە داواكارییەكانی خۆی هەڵگەڕاوەتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 7/8/2017، هەفتەنامەی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە مانشێتی سەرەكیی خۆیدا ئەوەی ئاشكرا كرد كە گۆڕان لە هەڵوێستەكانی پێشووی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان پاشەكشە دەكات.

ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە كە لە میانی سەردانی شاندی یەكێتی بۆ مەكۆی سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕان بە مەبەستی دەست بەكار بوونی ڕێكخەری نوێی گشتیی بزووتنەوەكە، هەروەها لە كۆبوونەوەی سەركردایەتیی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕانیشدا، بزووتنەوەكەیان لە هەوڵەكانی یەكێتی بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان لە دوو هەفتەی یەكەمی ئەم مانگەدا ئاگادار كردووەتەوە.
هەمان هەفتەنامە لەو مانشێتەیدا لە زاری چاودێرێكی سیاسییەوە كە ناوەكەی ئاشكرا نەكردووە، ئاماژەی بەوە داوە، لە كاتێكدا كە هەوڵەكانی لایەنەكان و یەكێتی لە تواندنەوەی بەستەڵەكی نێوان لایەنەكان و كاراكردنەوەی پەرلەمان ”ئەنجامی باشی هەبووە“، بە ئاشكرا دیارە كە بزووتنەوەی گۆڕان ”نایەتە ژێر بار و یاری بە كات دەكات و تەنانەت لە داواكانی خۆشی هەڵگەڕاوەتەوە كە پێشتر جەختی لە كاراكردنەوەی بێ مەرجی پەرلەمانی كوردستان دەكردەوە، ئەوەش لە زیانی دۆخەكە و خودی هاووڵاتییان دایە“.
ئەو هەفتەنامەیەی نزیك لە یەكێتی ئەوەی نەشاردووەتەوە كە ئەگەر بزووتنەوەی گۆڕان هەروا بەبێ دەنگی بمێنێتەوە، ئەوا ”بە دوور نازاندرێت كە پەرلەمان بەبێ گۆڕان كارا بكرێتەوە“. ئەوەشی بڵاو كردووەتەوە: ”چەند پەرلەمانتار و هەڵسووڕاوی گۆڕان وەكو ئەنارشیستی بەرامبەر شكێن، پروپاگەندە دەكەن، ئەمانە لەسەر بنەمای (یان لەگەڵمان بن، یاخود دوژمنمانن)، هەڵوێست وەردەگرن، ئەمە هیچ بوارێك بۆ ئازادیی بڕیار و بیركردنەوە ناهێڵێت“.
پێشتر سەعدی ئەحمەد پیرە، گوتەبێژی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی ڕای گەیاندبوو كە ئەگەر گۆڕان بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان بەدەنگەوەهاتنی نەبێت، ئەوا ”دەبێ چارەیەك لە پەرلەمان بكرێ“.

Back to top button