مامۆستایەكی ئایینی: هەركەسێك لە ریفراندۆم دەنگ بە (نەخێر) بدات با نوێژ نەكات و ڕۆژوو نەگرێت
تادێت پشتگیری بۆ ریفراندۆم لەسەر ئاستی كەسایەتی ئاینی و رۆشنبیر و سیاسی و رێكخراوەكانی كۆمەڵای مەدەنی زیاتردەبێت لەم چوارچێوەییە زانایەكی ئایینی دەڵێت:” دەنگدان بە (نەخێر) ی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان پشتگیریكردنی بكوژانی گەلی كوردستانه ، بۆیە هەر كەسێك دەنگ بە(نەخێر) بدات با نوێژ نەكات و ڕۆژوو نەگرێت.
شێخ محەمەد ئەمین جەمیل ، پێشنوێژ و گوتار خوێنی مزگەوتی گەوەری شارەدێی وارماوای سەر بە شارۆچكەی شارەزوور ڕایگەیاندووە:”پێویستە هەموو كەسێك بە پەرۆشەوە بڕواتە سەر سندوقەكانی دەنگدان و بەشداری لە ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان بكات و دەنگ بە (بەڵێ) بدات ، چونكە ڕاپرسییەكی شەرعییە و ئەو حەق و مافەی ، كە لێمان داگیركراوە بەمە نەبێت بۆمان وەرناگیرێتەوە”.
دەشڵێ: “لە خەلافەتی ئەمەوییەوە هەتا ئیستا و لە قۆناغە جیاوازەكاندا بەبەردەوامی گەلی كورد كراوەتە قوربانی و ئەنفال و كیمیاباران ، جینۆساید كراوە و خاكەكی براوە ، بۆیە داوا لە خوای گەورە دەكەم هەتا ڕۆژی (25-9-2017) بمانهێڵیت بۆ ئەوەی دەنگ بدەین بۆ ڕیفراندۆمی سەر بەخۆیی كوردستان”.
بەگوتەی ئەو مامۆستا ئاینییە ، لە ڕۆژی ڕیفراندۆمدا هەر كەسێك دەنگ بە (نەخێر) بدات یان كار بكات بۆ زیادكردنی دەنگی (نەخێر) ، كەسێكی هەڵخەڵەتاو و عەقڵ شێواو و ماف فرۆش و خۆنەویست و وڵات نەویستە. دەشڵێ: “ئەو كەسانە هەتا ملیۆنێك ساڵی دیكە خزمەتی دوژمن بكەن و كار بكەن بۆ زیاد كردنی دەنگی (نەخێر)لە كۆتاییدا دوژمن فڕێیان دەدات”.
گوتیشی: “هەر كەسێك دەنگ بە(نەخێر) بدات با نوێژ نەكات و ڕۆژوو نەگرێت ، چونكە دەنگدان بە (نەخێر) پشتگیریكردنی بكوژان و ئەنفالچیانی گەلی كوردستانە ، هەر كەسێكیش بە وشەیەك پشتگیری لە بكوژێك بكات وەك ئەوە وایە هەموو خەڵكی كوشتبێت”.