دیوی پشتەوەی روداوەکانی حەسەکە .

نیاز حاجی
 
وەک لە بابەتێکی شیکاری چوار رۆژ پێش ئێستا ئەماژەم بەوە دابوو کە لە رۆژئاوای کوردستان بەم نزیکانە بینەری گۆرانکاری سیاسی گەورە دەبین ، دەسەڵاتی پەیەدە یان دەبێت خۆی بگۆڕێت یان دەبێ روبەروی راپەڕینی جەماوەری ببێتەوە .
دوای ئەوەی ئەمریکا توانی لە چوارچێوەی ( هێزەکانی سوریای دیموکرات ) دا ، زۆربەی چەکدارانی پەیەدە لەدەستی هەژمونی ئێران و ئەسەد دەربهێنێت و بیانخاتە خزمەتی ستراتیژیەتی خۆی لە شەڕی دژ بە داعش ، زەنگی مەترسی ئەو هەنگاو و هاوپەیمانێتیە گەیشتە دیمەشق و تاران ، وەک یەکەم کاردانەوە ، سەرەتای ئەم مانگە ، داعش بەهۆی بارهەڵگرێکەوە تەواوی بارەگاکانی چوارگۆشەی ئیداری و ئەمنی کانتۆنی جەزیرەی لە قامشلۆ تەقاندەوە ( هەر ئەو کات رام گەیاند کە ئەوە کارە تیرۆریستیە سەرەتای دەستپێکردنی هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی کانتۆنەکانی رۆژئاوایە لەلایەن ئەسەدەوە ) ، دواتر جەواد زەریف لە کاتی سەردانەکەی هەفتەی رابردویدا بۆ ئەنقەرە ، هەر زوو رایگەیاند کە پەکەکە و پەیەدە و پژاک هێزی تیرۆریستین .
چەند رۆژێک پێش ئێستاش فرۆکە و تۆپخانەکانی رژێمی ئەسەد بە توندترین شێوە شاری ( حەسەکە ) یان بۆردومان کرد و تاوانی گەورەیان دەرهەق بە خەڵکی سڤیل ئەنجام دا .
بە بیرهێنانەوەیەکی خێرا ::
____________________
دوای ئەوەی خەڵکی سوریا لە ساڵی ۲٠۱۱دەستیان بە شۆرش کرد دژی رژێمی ئەسەد ، لە سەرەتادا ، شۆرشەکە لە باشور لە ناوچەی دەرعا دەستی پێکرد، پاشان سەرجەم شارەکانی سوریای گرتەوە بە شارە کوردیەکانیشەوە ، پەیتا پەیتا هێزە سەربازیەکانی ئەسەد خۆیان بەدەستەوە دەدا و ناوچەی نوێ ئازاد دەکران ، هێزەکانی ئەسەد رۆژ دوای رۆژ ، ژمارەیان روی لە کەمبونەوە بوو ، ورەیان داتەپی بوو ، تا نزیک دیمەشق خاکی سوریا لەدەست سوپای ئازاد بوو ، ئا لەو کات و ساتە هەستیارەدا ، صالح موسلیم هاتە ناو گۆرەپانە ، یەپەگە و پەیەژە و چەندین گروپی تری دروست کرد ، هێزەکانی ئەسەد لە شارەکوردیەکان کشێنرانەوە و پاراستنی ئەمنیەتی ئەو ناوچانە بە صالح موسلیم سپێردرا ، لە لایەن ئەسەدەوە چەند ئەرکێک بەو هێزوگروپانە سپێردرا کە بریتی بوون لە :
1. سەرکوتکردنی دەستپێکردنی شۆرش و راپەرین لەناو شارە کوردیەکان .
2. تەواوی ئەو فرقە و لیوا و فەوج و کەتیبە سەربازیانەی سوپای سوریا کە لە شار و ناوچە کوردیەکان هەبوون ، کێشرانەوە بۆ شارەکانی تری سوریا کە لە ئان و ساتی کەوتن دابوون لەلایەن سوپای ئازاد ، بەمەش لەلایەن صالح موسلیمەوە گەورەترین خزمەت بە رژێمی ئەسەد کرا و لە روخانی حەتمی پاراستی .
3. ئەو هێزە کوردیانەی کە لەگەڵ شۆرشی سوریا بوون ، لەلایەن هێزەکانی صالح موسلیمەوە دەربەدەر کران و ئاوارە کران ، کوردستانی رۆژئاوایان پێ چۆڵکرا ، دانیشتوانەکەشی بەشی زۆریان ئاوارەبوون بۆ هەرێم و هەندێکیش بۆ تورکیا و ئەوانی تریش کۆچیان کرد بەرەو ئەوروپا .
دوای ئەوەی رژێمی ئەسەد کەمێک بەم خزمەتەی پەکەکە و صالح موسلیم خۆی گرتەوە، داعش دروست بوو کەئەویش بە هەمان قەوارەی صاڵح موسلیم ، خزمەتی مانەوەی ئەسەدی کرد .
بەر لە چەند مانگێک ( بەشار جەعفەری ) نوێنەری سوریا لە (یو ئێن) رای گەیاند کە ئەو هێزانەی باسی فیدراڵی دەکەن لە سوریا با حەبی ( پانادۆڵ ) بخۆن ، پێدەچێ کاتی وەرگرتنەوەی ئەو ئەمانەتە هاتبێ کە رژێمی سوریا لەسەرەتای دەستپێکردنی شۆرشی سوریا بە پەیەدە و صاڵح موسلیمی بەخشیبوو .
ئەوەی چاوەڕوان کراوە !
______________________
دوای هێرشەکانی ئەسەد بۆ سەر حەسەکە کە زیاتر لە رێکەوتنێکی نێوان ( ئێران و ئەسەد و صالح موسلیم ) دەچێ بۆ رادەستکردنەوەی خاکی رۆژئاوا .
بەردەوامبونی شەر لە حەسەکە وا دەکات دواجار ئەمریکا بێتە سەر خەت بۆبەرگری کردن لەو ناوچانە ، ئەویش بە راوێژ کردن لەگەڵ بارزانی دەبێ ، دەبێ ئەوە قبوڵ بکرێ کە پێشمەرگەکانی رۆژئاوا بگەرێنەوە بۆبەرگری کردن .
پێدەچێ رێکەوتنێکیش بۆ ئەو مەبەستە لە نێوان روسیا و ئەمریکا هەبێت ، ئەم هەڵوێستەی ئەمریکا ئەگەر رایبگەیەنێت ، ئێران و ئەسەدی توشی شۆک دەکات .
بەڵام بە دڵنیاییەوە زیادبوونی ئالۆزیەکانی شارەکانی رۆژئاوا و دروست بونی شەڕ ، ئەمریکا و پێشمەرگە زیاتر سەرقاڵ دەکات کە ئەوەش کاریگەری لەسەر هەڵمەتی ئازادکردنەوەی موصڵ دروست دەکات ، دەمێکە ئێران گرفت دەخاتە پێش ئازادکردنەوەی موصل ، کە پێدەچێ یەک لە ئامانجەکانی ئەو ئالۆزیانەی حەسەکە ئامانجەکەی ئەوە بێت .
Back to top button