بە گۆڕان ، بێ گۆڕان

ئاسۆ حاجی
 
ڕیفراندۆم خواستێکی نێودەوڵەتی
 
بزووتنەوەی گۆڕان پێویستە لەوە تێگەیشتبن کە ناتوانێ ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بکات،چۆن نەیانتوانی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لابدا، نەک تەنیا لەبەر ئەوەی لە ناو پەڕلەمان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ هەم،وارکردنەوەی یاساکە پەیدا بکەن،بەڵکو چونکە ماناوەی بارزانی لە پۆستی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خواستێکی نێودەوڵەتی لەپشت بوو،ئەوەش بە ڕوونی لە پەیامی وڵاتانی زلهێزی وەک ئەمەریکا و بەریتانیا و فەڕنسا لەلایێک و نەتەوە یەکگرتووەکانیش لەلایەکی دیکە کە بە هەموو لایەنەکانیان گووت:” بارزانی پێویستە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان بمێنێتەوە بە لایەنی کەمەوە تا کۆتایی شەڕی داعش”.
دەستەواژەی (لایەنەی کەمە) بەهێزترین بڕگەی ناو پەیامەکەیە کە مەبەستی پشتی وا لێک دەدرێتەوە،دوای شەڕی داعش ڕەنگە هێشتا پێویستی مانەوەی بارزانی لە ئارادابێ بۆ دەربازکردنی قۆناغێکی دیکە.
ئێستا دەبینین بڕگەی (لایەنی کەم) ڕەهەند و مانایەکی دیکە وەردەگرێ کە هاتنە پێشی قۆناغێکی دیکەی هەستیار و چارەنووس سازەلە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان.
گۆڕان ئەگەر جاری پێشوو موجازەفەی بە ئایندەی سیاسی خۆی کرد و لە دەرئەنجامی وەستانەوە لە پێویستی ناوخۆیی کوردستان و خواستە نێودەوڵەتیەکان خۆی لە باوەشی داگیرکەر و دوژمنانی کورد لە بەغدا بینیەوە و لە سەنگەری ئەوانەوە ویستیان ئەوەی لە هەولێر بۆیان نەچووە سەر لە بەغدا تەواوی بکەن.
ئێستا کە زۆرینەی لایەنەکان ئاگادارن چ دەگوزەرێ و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی خواستێکی نێودەوڵەتی لە پشتە پێویستە بزووتنەوەی گۆڕان جارێکی دیکە شانسی خۆی لە دژایەتی کردنی ئەو خواستە نیودەوڵەتیە تاقی نەکاتەوە کە لە ماوەی سەت ساڵدا جاری یەکەمە لەگەڵ ئامانجی گەلی کوردستان یەکدەگرێتەوە.
 
گۆڕان ناگەڕێتەوە
 
نەگەڕانەوەی گۆڕان بۆ پەڕلەمان وێڕای ڕازی بوونی هەموو لایێک بە هەڵگرتنی مەرجەکانیان ڕۆژبەڕۆژ زیاتر وەدیار دەکەوێت، بۆیەشە پەنا بۆ گۆڕینی دەستەواژەکان دەبا و لە جیاتی کاراکردنەوە داوای ئاسایی کردنەوەی پەڕلەمان دەکات،چونکە بەلای گۆڕان ئاساییکردنەوە واتا لە کوێ پسا بوو لەوێ گرێی دەدەنەوە و لە هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەست پێدەکەنەوە.
دوا خستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم خەریکە دەبێتە پێش مەرجی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ گەڕانەوەیان بۆ پەڕلەمان بەو مەرجەشەوە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ڕایگەیاند کە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەکرێ لە پەڕلەمان یەکلایی بکرێتەوە،ئەوەش تەنها وا لێک دەدرێتەوە کە بزووتنەوەی گۆڕان نایەوێ بگەڕێتەوە پەڕلەمان،ئەگەرچی تا ئێستا ڕێکخەری نوێ و خانەی ڕاپەڕاندن بێدەنگن و وەک پێشتر دەرفەتیان بە قسەکەرە نەریتیەکانی خۆیان داوە هەمان گووتاری بەر لە هەڵبژاردنی ناوخۆیی درێژ بکەنەوە بە دژایەتی کردنی ڕیفراندۆم و سەربەخۆ بوونی هەرێمی کوردستان و زیاتر هاندانی خەڵک بە گەڕانەوە بۆ بەغدا و چارەسەرکردنی کێشەکان لە بەغدا وەک چارەسەر دادەنێن.
 
گۆڕان لە چ دەترسێ؟
 
سەرکردایەتی نوێی بزووتنەوەی گۆڕان بەبێ دەنگی خەریکی خۆ یەکلا کردنەوەیە لە ناو ترسێکی قوڵدا، ئەو ترسەی لەگەڵ هەڵبژاردنە ناوخۆیەکان ئاشکرا بوو کە ناکۆکیەکان قوڵن و ترسی لێک ترازانیان لە ئارادایە،بۆیە بزووتنەوەی گۆڕان کەوتۆتە نیوان دوو بژاردە کە هیچیان ئاسان نین.
بژاردەی یەکەم، گەڕانەوەیە بۆ پەڕلەمان و وەک هەموو لایەنەکانی دیکە بیر لە مەرج و پێش مەرج نەکاتەوە و لە ڕێگای پەڕلەمانەوە ببێتە بەشێک لە هەوڵەکانی سەرخستنی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان کە لە ئێستاوە دیارە زۆرینەی سەرکردە گەنج و پەڕلەمانتارەکانی گۆڕان لەگەڵ ئەو بژاردەیە نین و خۆیان لە دژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی یەکلا کردۆتەوە،بۆیە هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە بهاوێژن ئەوە مەترسی لێک ترازان و دروست بوونی ئینشیقاق زیاتر دەبێت بە تایبەتیش کە لە سلێمانی ڕەوتێکی خاوەن میدیا بە هەموو توانایەوە دژایەتی ڕیفراندۆم کار دەکات.
ئەو ڕەوتە و ڕەوتی دژە ڕیفراندۆمی ناو گۆڕان لە دوو خاڵدا بەیەک دەگەن یەکەمیان هەردوولایان هەمان ئامانج کۆیان دەکاتەوە و هەروکیان لە یەک سەرچاوە هێز بە هەردوو ڕووەکەی وەردەگرن، دووەمیان لایەکیان میدیای هەیە و ئەوانەی دیکەش پاڵەوانی دروست کراوی میدیان واتا یەکیان دەتوانێ ئەوەی دیکە تەواو بکات.
بژاردەی دووەم لە بەردەم گۆڕاندا، خۆساغکردنەوەی سەرکردایەتی تازەیە بە نەگەڕانەوە بۆ پەڕلەمان و دژایەتی کردنی پرسی سەربەخۆیی،ئەوەش گۆڕان ڕەنگە لە لێک ترازان بپارێزێ بەڵام بەرەو گۆشەگیری سیاسی زیاتر دەبات، لێکدانەوەکان بۆ ئەوە دەچن گۆڕان جگە لە هۆکاری ترس لە ئینشیقاق ئەوە هۆکارێکی دیکەش هەیە هانی دەدات ئەو هەڵوێستە وەربگرێت ئەویش خۆ ئامادەکردنیەتی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو بە دوور نەکەوتنەوەی لەو جەماوەرەی چەند ساڵە بە دژایەتی کردنی هەموو شتێک ڕاهێنراون کە ناوی پارتی یان بارزانیان لەگەڵ دابێ،بەستنەوەی ڕیفراندۆم و بە ناوی بارزانی ڕێگا کورت و ئاسانەکە دەبێت بۆ پاراستنی دەنگەکانی بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو، ئەگەرچی ئەو کارە گۆڕان دەخاتە بەردەم پرسێکی ئەخڵاقی لە نێوان پارێزگاری کردن لە ڕێژەی دەنگەکانت و لە نێوان وەدیهێنانی گەرەترین ئامانجی نەتەوەیی و نیشتیمانی کە هەموو حزبەکان دروست بوونی خۆیانی پێوە دەبەستنەوە.
بژاردەی دووەم بۆ گۆڕان ئاسان نیە وەک بژاردەی یەکەم،چونکە بە گۆڕان یان بێ گۆڕان لایەنەکانی دیکە پارتی،یەکێتی،یەکگرتوو،شیوعی،سۆسیالیست،تورکمان و کرستیان پەڕلەمان کارا دەکەنەوە دوای نەهێشتنی بەهانەکانی گۆڕان بە کاراکردنەوەی بێ مەرجی پەڕلەمان ئەوەش مانای دابەشکردنەوەی پۆستەکانی حکومەتیش دەگەیەنێ کە گۆڕان بە هۆیەوە ڕەنگە لە سلێمانی و گەرمیانیش پۆستەکانی لێوەربگیرێتەوە.
لەوەش کاریگەرتر بۆ سەر گۆڕان دواخستنی هەڵبژاردنی پەڕلەمان و سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستانە کە پێشبینی دەکرێ لە کاتی خۆی ئەنجامنەدرێت،ئەمەش ئەندام و لایەنگرانی دەخاتە دۆخێکی دەروونی خراپ کە یان دەبێ جارێکی دیکە بیان ڕژێنێتەوە سەر جادە و بەوە سەرقاڵیان بکا یان ئەوەتە دەبێ وەڵامی پرسیارەکانیان بداتەوە، بۆ ئەوەی لایەنی کەم توڕەیەکەیان لە نەیارانی گۆڕانەوە بۆ خودی بزووتنەوەکە نەگۆڕێت کە زیاتر لە نۆ ساڵە لە دروشم و قسە زیاتر شتێکی دیکەیان بۆ زۆرینەی ئەندامانیان نەبووە،بۆیە هەر دەرفەت دانێک بە خەڵک بۆ ئەوەی لەو ماندوێتیە دەرونیە پشو بدەن ئەوە دەفەت دان لە بیرکردنەوەیان بەو ئاراستەی کە گۆڕان چی پێشکەش کردوون و چی لێ بردوون ؟
بە تایبەتیش کە ئێستا هەموو گەلی کوردستان لە بەردەم گەورەترین پرسیار دان کە چارەنوسی خۆیان و منداڵەکانیان دیاری دەکات بە هەڵبژاردنی بەڵی بۆ سەربەخۆیی یان وەستانەوە لە دژی سەربەخۆیی.
Back to top button