بارزانی: باسی دروست كردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ به‌رازیل ده‌كات

ڕۆژی سێشەممە 8/8/2017 لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ میگێل جۆنیۆر مەگالھایس، باڵیۆزی بەڕازیل لە عێراق کۆبوویەوە و لە دیدارەکەدا باڵیۆزی بەڕازیل لە عێراق خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی کوردستان و دیداری بارزانی دەربڕی و سەرسامیی خۆی بە ئاسایش و پێکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکھاتە جیاوازەکانی کوردستان نیشان دا و ڕای گەیاند: “بەناوی خۆم و حکوومەتی وڵاتەکەمەوە سەرسامیی خۆمان بەو ئاستە بەرزەی پێکەوەژیان و ئاشتی و ھاوکارییەی نێوان پێکھاتەکانی کوردستان دەردەبڕم و سوپاسی حیکمەت و سەرکردایەتیی لێھاتوانەی جەنابتان دەکەین”.

لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، باڵیۆزی بەڕازیل، ئەوەشی خستە روو: “ئەگەرچی لەڕووی جیوگرافییەوە، بەڕازیل زۆر لە کوردستان دوورە، بەڵام لە زۆر بەھای بەرزدا ھاوبەشین، وەک فرەیی پێکھاتەکانی گەل و ڕێزگرتن لەو فرەییە و ئیرادەمان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی”.

 

باڵیۆزی بەڕازیل، ئامادەیی وڵاتەکەشی پێشان دا کە پەیوەندەییەکانی لەگەڵ کوردستان لە ھەموو ئاستەکاندا بەرەو پێش ببات و ھەر ھاوکارییەکیش بۆ گەلی کوردستان پێویست بێت درێخی ناکەن.

 

لە بەرانبەردا بارزانی، وێڕای بەخێرھێنانی باڵیۆزی بەڕازیل، ئاماژەی بە فەرھەنگی پێکەوەیان و فرەیی گەلی کوردستان دا و ڕایگەیاند: “ئەوە بەھایەکی بەرز و فەرھەنگی گەلی ئێمەیە و شانازیی پێوە دەکەین”.

ھاوکات سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، ئامادەیی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی بەڕازیل خستەڕوو.

لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا باسی بڕیاری گەلی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ٢٥ـی ئەیلوولی ٢٠١٧ کرا و بارزانی، ھەوڵەکانی گەلی کوردستان بۆ بونیادنانی عێراقێکی دیموکرات و پێشکەوتوو خستەڕوو و ئەوەشی ڕوون کردەوە کە دوای ئەوەی ھیچ ئومێدێک نەما کە بتوانین ھاوبەشییەکی ڕاستەقینە بونیاد بنێین و بەھۆی زاڵبوونی فەرھەنگی خۆسەپاندن و ئینکار، گەلی ئێمە وەک ھاوبەشی ڕاستەقینە قبووڵ نەکرا، گەلەکەمان بڕیاری داوە لە ڕیفراندۆمدا بڕیار لەبارەی چارەنووسی خۆی بدات و بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەغدا لەسەر ھەموو بابەتەکان گفتوگۆ دەکەین و دمانەوێ وەک دوو دراوسێی باش ھەموو بابەتەکانمان بە دیالۆگ چارەسەر بکەین.

لەکۆتایی دیدارەکەدا باڵیۆزی بەڕازیل ھیوای بەختەوەری و خۆشگوزەرانیی بۆ گەلی کوردستان خواست

Back to top button