پەرلەمانتارێكی یەكێتی: هەر كەسێك بچێتە نێو جولانەوەی(من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) خۆی بەرپرسیار دەبێ

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە سلێمانی جولانەوەی نەخێر لە ئێستادا, كە بە جولانەوەی ( من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) لە لایەن هاوڵاتیان ناو دەبرێت, بۆ دژایەتی كردنی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان راگەیێنرا, كە چەند كەسێكی لە ئەندامانی پەرلەمان و رۆژنامەنوسان تێدا بەشدار بوون, ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە پشكی یەكێتی دەڵێت:” بەشداریكردنی پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە هەڵمەتی (نەخێر) بۆ سەربەخۆیی كوردستان، پەیوەندی بە حزبەكەیەوە نییە و ”خۆی بەرپرسیار دەبێ“.

رێزانی شێخ دلێر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاندووە: “پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەناو كەمپنی (نەخێر)ە، لەكاتێكدا ئەمە ھەڵویستی كەسیی خۆیەتی و خۆی بەرپرسیارە لە بەرانبەر بڕیاری خۆی، ھەر كەسێك لەناو یەكێتی لەھەر ئاستێكدا بێت و بچێتە ئەو كەمپینەوە، خۆی بەرپرسیارە و ئەوە ھەلوێستی فەرمیی یەكێتی نییە”.

جەختیشی لەوە كردەوە كە حزبەكەی لەمبارەیەوە ”قسە و هەڵوێستی خۆی“ هەیە و پێشتریش لەمبارەیەوە هەڵوێستی نواندووە.

شایەنی باسە, بەشداریكردنی پەرلەمانتارەكەی یەكێتی لە كاتێكدایە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەشێكی كارای ئەنجومەنی باڵای ڕیفراندۆم پێكدەهێنێت و كۆسرەت ڕەسول عەلی، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتیی یەكێتی، لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە ئەنجومەنەكەدا هەندێك كاری باڵا و تایبەتیان پێ سپێردراوە.

 

Back to top button