هۆزی شەمەر بۆ بارزانی: لەگەڵ گەلی كوردستان هاوچارەنووسین

دوای ئەوەی ئەمڕۆ شاندێكی هۆزی شەمەر بە سەرۆكایەتی ئەنوەر ئەحمەد عەجیل عەلیاوەر سەردانی سەرۆك بارزانیان كرد كەسایەتیەكانی هۆزی شەمەر رایانگەیاند، لەگەڵ گەلی كوردستان هاوچارەنووسن.

ئەمڕۆ سێشەممە 8-8-2017 لە سەلاحەدین، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شێخ ئەنوەر ئەحمەد عەجیل ئەلیاوەر كەسایەتیی دیاری هۆزی شەمەر و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەییێندراوی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، شێخ ئەنوەر بەناوی خۆی و هۆزی شەمەرەوە سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی بارزانی و گەلی كوردستان و پێشمەرگە كردووە كە رووبەڕووی داعش وەستانەوە و تێكیان شكاند.

شاندەكەی هۆزی شەمەر، پێزانینیان هەبووە بۆ رۆڵی پێشمەرگە لە ئازادكردنی ناوچەكانی رۆژئاوای رووباری دیجلە و ئەو رێز و حورمەتەی لەلایەن پێشمەرگەوە لە دانیشتوانی ناوچەكە گیرا. “ئەوەیان بە نیشانەی رەوشتی بەرز لەقەڵەم دا كە هەمیشە گەلی كوردستان و سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە و پێی ناسراون. پێزانینی زۆریشیان هەبوو بۆ گەل و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ حەواندنەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە و لێقەوماوان و رایانگەیاند كە ئەو جوامێرییەی گەل و حكومەتی هەرێمی كوردستان هەرگیز لەیاد ناكەین”.

هۆزی شەمەر جەختیان لە پەیوەندەیی لە مێژینە و برایانەی گەلی كوردستان و هۆزی شەمەر كردەوە و “پشتیوانیی خۆیان بۆ سیاسەت و هەڵوێستەكانی بارزانی و سەركردایەتیی كوردستان دووپاتكردەوە و تەئكیدیشیان لە هاوچارەنووسیی خۆیان و گەلی كوردستان كردەوە”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختی لەسەر تەبایی و برایەتیی نێوان كورد و ئەو عەرەبانە كردەوە كە بڕوایان بە پێكەوەژیان هەیە و دەستیان لەگەڵ داعشدا نەبووە.

بارزانی دووپات كردەوە كە ئەوەی پێشمەرگە و گەلی كوردستان ئەنجامیان داوە ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانییە و پێشمەرگەی كوردستان لەپێناو پاراستنی ئازادیخوازاندا قوربانیی داوە و ئێستا و داهاتووش پێشمەرگە پارێزەری ئەو پێكەوەژیانە دەبێت.

Back to top button