محەمەد بازیانی: ئەوانەی دژی ڕیفراندۆمن نەوەكانی داھاتوو لێیان خۆش نابێت

دوای ئەوەی بڕیاری سازدانی ریفراندۆم  بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە 25ی ئەیلول درا, لە كوردستان چەند كەسێك لە بەرەیەك بە ناوی جولانەوەی نە خێر(من مرۆڤ نیم, چونكە كودم)  كۆبوونەوە, سەرۆكی رەوتی گەشە دەلێت:” ھەر كەس و لایەنێك دژی ڕیفڕاندۆم بوەستێتەوە، نەوەكانی داھاتوو لێپرسینەوەی لێ دەكەن”.

محەمەد بازیانی سەرۆكی رەوتی گەشە, بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: ”ئێستا كاتی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی كوردستانە و خوا ئەو مافەی بە خەڵكی كوردستان داوە، ئیدی بۆچی دژی دەوەستنەوە. ھەر كەس و لایەنێكیش لەم كاتەدا لە ھەرێمی كوردستان دژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆییی كوردستان بێت، ئەوە نەوەكانی داھاتوو ئەو حیسابەی لەگەڵ دەكەن، كە بۆچی ڕیفڕاندۆم بۆ سەربەخۆییی كوردستان بووە و دژی وەستانەتەوە, پێم وایە ڕیفڕاندۆم پڕۆژەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانییە و نابێ كەس ئەو مافە بە خۆی بدات لە دژی بوەستێتەوە.”

بازیانی ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: ”دوژمنانی كوردستان دەمیان كردووەتەوە بۆ دژایەتیكردنی ڕیفڕاندۆم. ئەوان، واتە نەیارانی كوردستان، لە خوایان دەوێت خەڵكێك ھەبێت لە كوردستاندا دژی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی بێت، تا كاری لەسەر بكەن. لەبەر  ئەوە، نابێ لەو بڕیارەی خۆمان پاشگەز بینەوە و چارەنووسی خۆمان بە دەستی خۆمان دیاری دەكەین، كێش دژییەتی، ئەوە بەرپرسیارەتیی مێژوویی دەكەوێتە سەرشانی.”

Back to top button