ئەگەر گۆڕان نەیەتە پێشەوە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان, ئایا پارتی و یەكێتی پلان بی بەكاردەهێنن؟
لەگەڵ ئەوەی تەنها پێنج رۆژماوە لەو وادە دیاری كراوەی كە كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم بۆ كاراكردنەوەی ریفراندۆم دیاری كردووە تەنیا دوو رۆژیش بۆ هەمان وادەكەی یەكێتی ماوە، تاوەكو ئێستا پارتی و حیزبەكانی دیكەش چاوەڕێی وەڵامی گۆڕانن، بەڵام لە ئەگەری نەهاتنە پێشەوەی گۆڕان، پێدەچێ پلانی بی (B) جێبەجێ بكەن.
سەبارەت بە پلانی دووەم (پلانی بی)، ڤالا فەرید، سەرۆكی لیژنەی یاساییی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان یەك لەسەر چواری پەرلەمانتاران داوا دەكەن بە تەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتی دانیشتنێك بكات، لەو دانیشتنەدا بەپێی رێككەوتن و بە زۆرینەی دەنگ متمانە لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان وەردەگیرێتەوە و دەستەیەكی تازەی سەرۆكایەتی هەڵدەبژێردرێت.
بەڵام كاردۆ محەممەد، راوێژكاری سەرۆكی پەرلەمان دەڵێت “دەكرێت یەك لەسەر چوار كۆبكرێتەوە، بەڵام لەبەرئەوەی سەرۆكی پەرلەمان بە شێوەیەكی ئاسایی ئیزن نەدراوە، بۆیە هەر هەوڵێكی دیكە بۆ كاراكردنەوە بدرێت نائاساییە”.
ئەگەر ئەو پلانە جێبەجێبكرێت، ئەوا بۆ كۆكردنەوەی دەنگی یەك لەسەر چواری كە دەكاتە 28 پەرلەمانتار كارێكی زەحمەت نابێت، بە تەنیا فراكسیۆنی پارتی 10 پەرلەمانتاری لەو ژمارەیە زیاترە.
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان لەحاڵەتی ئاساییدا، سەرۆك یان سكرتێری پەرلەمان دەسەڵاتی بانگهێشتكردنی پەرلەمانتارانی هەیە بۆ كۆبوونەوەكان و جێگر ئەو دەسەڵاتەی نییە. سەرۆك و سكرتێری لای گۆڕان و كۆمەڵن و جێگری سەرۆكی پەرلەمانیش لەلای پارتییە.
دانا دارا، راوێژكاری یاسایی سكرتێری پەرلەمانی كوردستان دەڵێت “ئەگەر بیر لەوە بكرێتەوە كەسێك یان دوو كەس لاببرێت و كەسی نوێ دابنرێت، ئەو كاتە دۆخەكە باشتر نابێ، چونكە تووشی كێشەی درێژكردنەوەی ماوەی پەرلەمان و سەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی و پەرلەمانیش دەبینەوە”.