كۆسرەت رەسول عەلی: مافی خۆمانە بەشێوەیەكی ئاشتیانە داوای مافە رەواكانمان بكەین, ئومێدمانە دۆستانمان پالپشتمان بن.
دوای سەردانی بالیۆزی بەڕازیل و كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نشتمانی كوردستان, كۆسرەت رەسوڵ عەڵی رایگەیاندووە:” كورد مافی خۆیەتی بە شێوەیەكی ئاشتیانە داوای مافە ڕەواكانی بكات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی نووسینگەكەی، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 8/8/2017 كۆسرەت رەسول عەلی جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی پێشوازی كرد لە میگێل جۆنیۆر مەگالهایس باڵیۆزی بەرازیل لە عیراق.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەكەدا جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی بەخێرهاتنی باڵیۆزی بەرازیلی كرد و هیوای خواست بەردەوام بێ لە سەردانەكانی بۆ هەرێمی كوردستان و هەوڵەكانی بخاتەگەڕ بەمەبەستی بەردەوامیدان بە پەیوەندییەكانی نێوان بەرازیل و هەرێمی كوردستان.
لای خۆیەوە باڵیۆزی بەرازیل لە عیراق سەرسامی خۆی بە هەرێمی كوردستان و ئاستی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەو نەتەوە جیاوازەكان دەربڕی و پاڵپشتی و پشتیوانی وڵاتەكەشی بۆ گەلی كوردستان دووپات كردەوە.
تەوەرێكی تری دیدارەكە گفتوگۆ كردن بوو لە بارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم، پەیوەست بەم باسە كۆسرەت رەسول عەلی وتی: “گەلی كورد مافی خۆیەتی بەشێوەیەكی ئاشتیانە داوای مافە رەواكانی خۆی بكات”.
وتیشی: “ئومێدمانە و چاوەڕوانین لە ئەگەرەكانی بەردەممان لە داهاتوودا دۆست و هاوپەیمانەكانمان هاوكار و پاڵپشتمان بن”.