بە ڤیدیۆ: ئەحمەد شێربەگی بۆ فەرھاد سەنگاوی: مەبە بە دەنگی زوڵاڵی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان

 

دوای ئەوەی فەرهاد سەنگاوی بێژەری رادیۆیی لە سەردەمی شاخ و پەرلەمانتاری یەكێتی نیشتمانی كوردستان, چوە بەرەی دژ سەربەخۆی لە چوارچێوەی كەمپینی نەخێر لە ئێستادا كە بە كەمپینی (من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) ناو دەبرێت, بێژەرێكی ناسراو و نیشتمانپەروەری ڕۆژھەڵاتی كوردستان، داوا لە پەرلەمانتارەكەی یەكێتیی دەكات، نەبێتە دەنگی زوڵاڵی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان.

ئەحمەد شێربەگی، پێشمەرگەی دێرین و بێژەری ناسراوی ڕۆژھەڵاتی كوردستان، لە تۆمارێكی ڤیدیۆییدا كە ئەمڕۆ چوارشەممە 9/8/2017 بەناوی (پەیامێك بۆ فەرھاد سەنگاوی)یەوە بڵاوی كردووەتەوە، ئاماژەی بەوە داوە كە لە سەردەمی شاخەوە سەنگاوی دەناسێت و باسی لەوە كردووە: ”تۆ ھاوارت بۆ باباگوڕگوڕی كەركووكی دزراو بوو، لەوبەری شەپۆلەكانەوە تەزوویەك ھەموو جەستەمی دەتەنی، منیش ھاوارم بۆ خاكی دزراوی باب و باپیرانم دەكرد“.

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا شێربەگی بە سەنگاوی دەڵێ: ”پێم بڵێ فەرھادی برام، ئێستا چی لێ ھات ئەو دەنگەی كە بانگەشەی بۆ ئازادیی كوردستان دەكرد؟ كوا فەرھاد دەمێكە تۆ ئەو دەنگە نەماوی كە گیانی بەرخۆدانت بۆ ناو دار و بەرد و كێو و تەلانی ئەم كوردستانە دەگەڕاندەوە“.

ئەوەش ناشارێتەوە: ”ئەو دەنگەی من دەمناسی، ئەوە نەبوو كە بانگەشە بۆ قازانجی نەیاران و سەرمایەدارانی قازانجپەرستی ھەژاركوژی لە خودا بێخەبەر بكات كە تەنیا پارەیان بۆ گرنگە“. بۆیە دووبارە پرسیار دەكات: ”چی ڕوویداوە؟ بۆچی دەنگت نەما فەرھاد؟ مەگەر سەربەخۆیی ئاواتی ھەرە گەورەت نەبوو؟ مەگەر ھەزاران پێشمەرگەی ئەم كوردستانە بۆ سەربەخۆیی گیانیان نەبەخشی كە تۆ ناویانت دەخوێندەوە؟ ئێستا چیت ھەیە بۆ ڕۆحی مەزڵوومی شەھیدان؟ پێیاندەڵێی ھەقی خۆتان بوو كە واتان بەسەر ھات؟“.

دووپاتیشی كردووەتەوە كە ئەوەی ئێستا پەرلەمانتارەكەی یەكێتی دەیكات، ”داگیركەریش ھەمان شت دەكات“ و داگیركەر ھەر لە بنەڕەتدا نایەوێ كورد سەرھەڵێنێ.

بۆیە داوای لێ دەكات، ھەتا درەنگ نەبووە، ”جارێكی دیكە بە بیروبۆچوونەكانتدا بچۆرەوە، بگەڕێرەوە بەرەی سەربەخۆییخوازان. خۆت دەزانی گەل لە كەس خۆشنابێ و مێژووش ھیچ لەبیر ناكات، مەبە ھاوار و بەھا و تەریبی داگیركەر، مەبە بە دەنگی نامۆی دوژمنانی سەربەخۆیی“.

شایەنی گوتنە, ئەحمەد شێربەگی، پێشمەرگەی دێرینی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و بێژەری ڕابردووی ڕادیۆی (دەنگی كوردستانی ئێران) بووە كە لەسەردەمی خەباتی شاخدا كاریگەرییەكی زۆری لەسەر جەماوەر و ورووژاندنی گەنجان بۆ نێو ڕیزەكانی شۆڕش ھەبووە.

 

Back to top button