فراكسیۆنی گۆڕان: خۆی لە رابون مەعرووف بەری دەكات
دوای ئەوەی ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی گۆڕان رایگەیاند كە چووەتە بەرەی نەخێر لە ئێستادا كە بە جولانەوەی(من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) ناودەبرێت, فراكسیۆنی گۆڕان جموجۆڵە سیاسییەكانی پەرلەمانتاری فراكسیۆنەكەیان بە پێچەوانەی سیاسەتی فراكسیۆنی گۆڕان ناودەبات و رایدەگەیێنێت: “سەرپێچی كردووە لە سیاسەتی فراكسیۆن و، ھەموو ئەو قسانەشی كە كردی و بۆ لەمەودواش دەیكات، گوزارشت لە رای فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات و رای خۆیەتی”.
رۆژی سێشەممە 8-8-2017 ئەنجوومەنێك بە ناوی جولانەوەی “نەخێر لە ئێستادا” كە بە جوڵانەوەی (من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) راگەیێندرا و رابون مەعرووف ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان وەك گوتەبێژی ئەنجوومەنەكە دیاریی كرا كە هەوڵدەدەن دەنگی نەخێر لە گشتپرسییەكەی رۆژی 25-9-2017 دەنگی زۆرینە بێت
.
روونكردنەوەیەك لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
ماوەیەكە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان كاك رابون مەعروف، ھەندێك جموجۆڵی سیاسی دەكات پێچەوانەی سیاسەتی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.
ئێمە لە فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنین; كە ئەم ھەڵسوكەوتانەی ناوبراو ھیچ پەیوەندییەكی بە سیاسەتی فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕانەوە نیەو، سەرپێچی كردووە لە سیاسەتی فراكسیۆن و، ھەموو ئەو قسانەشی كە كردی و بۆ لەمەودواش دەیكات، گوزارشت لە رای فراكسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان ناكات و رای خۆیەتی.
راو ھەڵوێستی فراكسیۆنی گۆڕان لە پرسە سیاسیەكان بە پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆییشەوە، لە بەیاننامەو بەلاغە فەرمییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان رادەگەیەنرێت.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان٩/٨/٢٠١٧