فەرماندەیەكی پێشمەرگە: دەنگی نەخێر مەترسی لەسەر پێشمەرگە دروستدەكات
لەگەڵ ئەوەی لە ئێستادا پشتگیری بە شێوەی جیاجیا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان دەدەبڕدرێت, لە بەرامبەردا رەوتێك بەناوی جولانەوەی نە خێر لە ئێستادا كە بە جولانەوەی( من مرۆڤ نیم, چونكە كوردم) ناودەبرێت دروست بوو, ئەمەش بووە مایەیی نیگەرانی هاوڵاتیان, لە بارەی ئەم جوڵانەوە جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە باسی لە زیانەكانی دەنگی (نەخێر) لە ڕیفراندۆم بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوانەی بانگەشە بۆ ئەو بژاردەیە دەكەن، ئەوە دەزانن كە ئەو دەنگە پاساو دەداتە دەست دوژمنانی پێشمەرگە.
سالاری محەمەد جەباری، جێگری سوپاسالاری پێشمەرگە، ڕایگەیاندووە، ئەوان لەوە دڵنیان كە زۆرینەی هەرە زۆری گەلی كوردستان بە (بەڵێ) دەنگ بە سەربەخۆیی كوردستان دەدەن و پێشمەرگەش ”لە پێش خەڵكی دیكە، پشتیوانی لە سەربەخۆیی دەكات“.
ئەوەشی ڕوون كردەوە: ”پێویستە خەڵكی كوردستان بزانێ كە دەنگی (نەخێر) بۆ پێشمەرگە زۆر مەترسیدارە، دوور نییە بە باساوی نەخێر، كاری زۆر خراپ بەرامبەر پێشمەرگە بكرێت، ئەوكاتە دەڵێن ئەوەتا گەلەكەی خۆتان لەگەڵتاندا نییە“.
ئەم فەرماندەیەی پێشمەرگە نیگەرانیی خۆشی لەوە دەربڕی كە پێشمەرگە سەرقاڵی پاراستنی خاكی كوردستانە و سنوورەكان دەپارێزێت، كەچی ”خەڵكانێك لەناوخۆی كوردستان بانگەشە بۆ شتێك دەكەن كە بۆ پێشمەرگە مەترسیدارە”.
دووپاتیشی كردەوە: ”ئەوانەی بانگەشەی (نەخێر) دەكەن، ئەوە دەزانن كە بەو (نەخێر)ە پاساو دەداتە دەست دوژمنانی كوردستان و پێشمەرگە“.