بەبەڵگە: هەڵگورد جوندیانی: شاسوارو كەناڵەكەی پشتیوانی لە تیرۆرستان دەكەن
هەڵگورد جندیانی، كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوەی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بوو، لە ژێر ناونیشانی (كەناڵی NRT و خاوەنەكەی كە ئێستا فرمێسكی تیمساحانە بۆ كوردستان هەڵدەڕێژێن، لە ڕابردووی نزیكدا بەشێك بوون لەپرۆسەی هاندان و بانگەشە بۆ كاری تیرۆریستی ؟!!!) بابەتێك بڵاو دەكاتەوە.
ئەو بەڕێوەبەرەی پێشووی سەر بە وەزارەتی ڕۆشنبیری، لەگەڵ بابەتەكەیدا، چەندین بەڵگەی فەرمی لە پێگەی تایبەتی خۆی لە (فەیسبووك) بڵاو دەكاتەوە، لە سەرەتای بابەتەكەیدا نووسیویەتی: “ئێوارەی (12/ 2/ 2015)، كەناڵی NRT زۆر بێباكانە و نابەپرسانە چاوپێكەوتنێكیان لەگەڵ (مەلا كرێكار) ئەنجامدا، كە لە ڕابردوودا گەورە تیرۆریست بوو، لە داداگاكانی كوردستاندا بەگوێرەی یاسای تیرۆر داواكراوە و لەساڵی 2001 دا، خوێنی 40 پێشمەرگە لەشەهیدانی گوندی (خێڵی حەمە)ی لە ئەستوودایە، هەروەها ناوبراو لەدادگاكانی وڵاتی (نەرویج)یشدا بەتومەتی بوونی پەیوەندی و هاندانی تیرۆر زیندانی بووە و تائێستاش كەیسەكەی كۆتایی نەهاتووە”.
ئاماژە بەوەش دەدات، كە مەلا كرێكار لەدیداری كەناڵی NRTیدا، زۆر بەڕوونی هانی توندوتیژدا و لەرێی بڵاوكردنەوەی بیركردنەوە نەخۆشەكانی و بەشێوەیەكی شەرمنانە و ترسنۆكانە دانپێنانی خۆی بەرێكخراوی (داعش) راگەیاند كەدوژمنی كورد و مرۆڤایەتیشە.
هەڵگورد جندیانی، ئەوەش دەخاتەڕوو، بەحوكمی ئەوەی ئەوكات، بەڕێوەبەری گشتی راگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە بووە، كە دەسەڵاتێكی یاسایی و جێبەجێكاری رێگاپێدراوی هەرێمە بۆ بەخشینی مۆڵەتی كاری میدیای بیستراو و بینراو ویستیان بەر لەو تاوانە بگرن، نووسیویەتی: “پێش بڵاوكردنەوەی ئەو چاوپێكەوتنە، لەگەڵ خاوەنی كەناڵی NRT شاسوار عەبدولواحید و كاك توانا عوسمان و پارێزەری كەناڵكەش زۆر هەوڵماندا تاوەكو دیدارە ترسناكەكە، بڵاونەكرێتەوە، یاخود كەناڵەكە لەگەڵ دامودەزگا تایبەتەكانی ئاسایش لەسلێمانی گفتوگۆ بكەن بەمەبەستی لادان یان بڕینی دەنگ لەو بڕگانەی كەمەترسی پڕوپاگەندەی تیرۆرستی لێدەكرێت”.
بەڵام : “ئەفسوس كاكە شاسوار و كەناڵەكەی زۆر بێباكانە چاوپێكەوتنەكەیان بڵاوكردەوە”.
وەك ئەو بەڕێوەبەرەی پێشووی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەو، دەیخاتەڕوو، ئەوە لەكاتێكدا بوو كە گەلەكەمان و پێشمەرگە قارەمانەكان بەبێ مووچە لەبەرەكانی جەنگدا رووبەرووی ترسناكترین دوژمن دەبوونەوە و هەزاران پێشمەرگە و هاووڵاتی كورد و كوردستان شەهید و بریندار و شوێن بزر و ماڵوێران بوون.
سەرسوڕمانی خۆیشی دەخاتەڕوو، لەوەی خاوەنی كەناڵی NRT لەبەرگریكردن بۆ بڵاوكردنەوەی دیدارە ترسناكەكە باسی لەئازادی رادەربڕن دەكرد وبەتەلیفونی نێوانیان پێی راگەیاندووە: (ئێمە ئازادین چی بڵاودەكەینەوە، لەئەمریكا و بەریتانیاش مەزنترین و گرنگترین میدیای ئەوێ چاوپێكەوتنیان لەگەڵ بن لادن كردووە !!!).
هەڵگورد جندیانی، لە درێژەی نووسینەكەیدا پرسیارێك ئاراستەی شاسوار عەبدولواحید دەكات و دەڵێت: ” چی حیكمەتێك هەبوو لەبڵاوكردنەوەی ئەم چاوپێكەوتنە، بەتایبەتیش ئێمە لەكوردستاندا تا رێژەیەك برینەكانی پێشووتری جوڵانەوەی تیرۆریستی ساڕێژ ببوەوە و نە(ئەنسارەلئیسلام) مابوو نە (جوندولئسلام)، بەڵام خەڵكانێك هەبوون و هەن كە دوور نییە بەو ئاوازەی (مەلا كرێكار) فریو بدرێن و بچنە پاڵ ئەو رێكخراوەی كە لوتكەی كاری تیرۆریستی بوو (بێگومان خەڵكانیش لەكوردستاندا چوونە پاڵیان)؟!!.
هاوكات بە جێگای پرسیاری دەزانێت كە: “ئێستا ئەو گەنجە (سەرمایەدارە هەڵكەوتووەی كوردستان) ماف بەخۆی دەدات بەرامبەر بە پرۆسەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی بووەستێتەوە، كە لوتكەی ئاوات و ئامانجی هەزارەها شەهیدی ئەم وڵاتەیە و هەڵمەتێكی ناڕەوای بۆ (نەخێر بۆ ریفراندۆم) دەستپێكردووە و بیری چووەتەوە كە دوو ساڵ و نیو بەر لە ئێستا خۆی و كەناڵەكەی راستەخۆ بەشداربوون بۆ بانگەشەی خوێن رشتنی گەنجانی كوردستان”.
وەك لە بەڵگەنامەكاندا هاتووە، لە رێككەوتی یەكشەممە 15/ 2/ 2015 بەفەرمانی كارگێری ژمارە 395 فەرمانی راگرتنی كاتیی پەخشی ئاسایی كەناڵی NRT دەركراوە كە بۆ ماوەیەك یەك هەفتە بوو، بەڵام بەڕێوەبەری پێشووی ڕاگەیاندن و چاپ و بڵاوكردنەوە، دەڵێت: “ئەو فەرمانە تەنها دوو تا سێ كاتژمێر بڕی كرد، ئیتر فشارێك لەدەرەوەی حكوومەت خرایە سەر وەزارەت و كەسێكی پایەبەرزی ئەم وڵاتەش كەوتە گۆ بۆ جۆرێك لەبەرگریكردن كە لەلام سەیر بوو ئەو كەسایەتییە چ بەرژەوەندی هەیە لەبەرگریكردن لەهەڵەی ئەو كەناڵە و خاوەنە بێباكەكەی!؟، بۆیە بەفەرمانی ژمارە 397 لەهەمان رۆژدا فەرمانەكە هەڵوەشایەوە و تەنانەت دواتر خاوەنی كەناڵەكە سكاڵای یاسایی بەرامبەر بەم كارە یاساییەمان پێشكەشكرد و لەبنكەی پۆلیسی ئەزمر لە سلێمانی ئاگادار كرامەوە بە ئامادەبوون بۆ لێكۆڵینەوە”.