میدیاكانی كەنەدا: حكوومەت چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە ناردووە بەڵام دزراوەو دراوەتە حەشدی شەعبی
لەگەڵ ئەوەی هاوكاریەكانی كەنەدابۆ پێشمەرگە بە شێوەیەكی بەرچاو بووە لە رابردوودا بەڵام ئەمڕۆ میدیاكانی كەنەدا,بڵاویان كردۆتەوە كە حكوومەت چەك و تەقەمەنی بۆ پێشمەرگە ناردووە بەڵام لە لایەن حكومەتی عێراقەوە دزراوەو دراوەتە حەشدی شەعبی.
بە هۆیەوە میدیاكانی كەنەدا هێرشیان كردە سەر سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەیان و حزبەكەی “دیموكراتی لیبراڵی كەنەدی” و بەرپرسیارێتی نەگەیشتنی ئەو چەكانەی كەنەدا بۆ هەرێمی كوردستانی ناردووە، دەخەنە ئەستۆیان.
میدیاكانی ئەو وڵاتە لە ڕاپۆرتەكانیاندا باس لەوە دەكەن، كەنەدا چەكی بۆ هەرێمی كوردستان ناردووە، بەڵام نەگەشتوونەتە دەست هێزەكانی پێشمەرگە, بەپێی ئەو میدیایانە، چەكەكان گەشتوونەتە بەغدا، بەڵام حكوومەتی عێراقی بەسەر “حەشدی شەعبی”یدا دابەشی كردوون.
پێشتر لە مانگی ئاداری 2016 جۆن فۆرستەر، جێگری وەزیری بەرگری كەنەدا، ڕای گەیاند: “حكوومەتی كەنەدا مۆڵەتی لە حكوومەتی عێراقی بەسەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی وەرگرتووە بۆ ناردنی چەك و تەقەمەنی بۆ هێزەكانی پێشمەرگە”
هەروەها ڕۆژنامەی (ئۆتاوا ستیزن)ی كەنەدی، لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا ڕای گەیاند: “ئەو چەكانەی حكوومەتی كەنەدا بۆ هێزەكانی پێشمەرگەی ناردوون بۆ ئەوەی شەڕی داعشی پێبكەن، نەگەشتووەتە هەرێمی كوردستان، هەرچەندە ماوەی ساڵێك بەسەر ڕێككەوتنەكەدا تێپەڕیوە”.