نهێنی كێشەكانی یەكێتی و گۆڕان لەسەر پۆستی پارێزگای سلێمانی ئاشكرا دەبێت
خواكوڕك
نەوشێروان مستەفا بە لاهور تاڵەبانی گوتووە، ئەگەر یەكێتی پابەند نەبێت بە رێكەوتنەكەیان لەسەر پۆستی پارێزگای سلێمانی ئەوە ئەو هەنگاوە وەك ئەو وایە بۆمبێك لەبەر پێی رێككەوتنەكەی 17ی نیساندا بتەقێتەوە.
بەگوێرەی زانیاریەكان پێناچێت یەكێتی پۆستی پارێزگای سلێمانی رادەستی گۆڕان بكات، لەدواین كێشەكانی نێوانیان لەسەر شێوازی قبوڵكردنی دەست لەكاركێشانەوەكه هەیە. یەكێتی پێیوایە دەبێت دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەن دەنگی لەسەر بدەن، بەڵام گۆڕان دەلێت دەبێ بە 50+1 دەنگ لەسەر دەست لەكاركێشانەوە و متمانەدان بە پارێزگاری نوێ بدرێت.
هەڤاڵ ئەبوبەكر، سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی كە لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكاندا 241 هەزار دەنگی هێناوە، لەبارەی نەبوونی بە پارێزگاری سلێمانی حاكم لهتیف مستهفا، پهرلهمانتارى پێشووى عێراق لهسهر فراكسیۆنى گۆڕان، لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بڵاوی کردووەتەوە: “بە تێگەیشتنی سادەی من، دانەنانی کەسێک بە پارێزگاری سلێمانی و دانانی کەسێکی دیكه، پەیوەندی بە ڕەهەندی یاساییەوە نییە، ئەوەی وابیربکاتەوە کەسێکی ساویلکەیە، ئەوە تەنها پەردەیەکە بۆ شاردنەوەی ڕاستیی بابەتەکە”. حاكم لهتیف ئەوەشی ئاشکرا کردووە: “ئەسڵی بابەتەکە پەیوەندی بە بزنس و پڕۆژەکانی هەردوولاوە هەیە، کە نایانەوێت ئەڵقە داخراوەکە کەسی دیكهی لێ نزیک ببێتەوە و دەبێت کۆنترۆڵی خۆیان بێت و لەلایەن کەسانێکی باوەڕپێکراوی هەردوولاوە بێت”.
پێشتر هەڤاڵ ئەبوبەكر رایگەیاندبوو “خەڵك بۆ ئەوە دەنگی بۆ داوم كە ببمە پارێزگار، جگە لە پۆستی پارێزگاری سلێمانی بەهیچ پۆستێكی دیكە رازی نابم و ئەگەر نەمرم پشتیوان بەخوا رۆژی یەكشەممە پۆستەكە وەردەگرم”.
بەڵام رۆژی یەكشەممە 21/8/2016 هەموو لایەك چاوەڕێ بوون ئەو پرسە لە نێوان بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی نیشتیمانی كوردستاندا یەكلایی بكرێتەوە، سەرەڕای دانانی سێ وادە بۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا، كۆبوونەوەكە بۆ رۆژی پێنجشەممەی داهاتوو دواخراوە.
لەبارەی دواخستنی كۆبوونەوەی یەكشەممە سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن كە نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگاری ئێستای سلێمانی نەگەیشتووە بۆیە كۆبوونەوەكە دواخراوە، هەر لەسەر ئەو بابەتە ئەنوەر تاهیر سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان دەڵێت هیچ لایانێك داوای دواخستنی نەكردووە بەڵام دواشخرا.
بەڵام بەگوێرەی راپۆرتێكی كەناڵی رووداو یەكێتی ئەوەی رهتكردۆتەوە كە دواخرانی بابەتی دەست لەكاركێشانەوەی پارێزكار بووبێتە هۆكار، بەڵكو بابەتەكە زۆر لەوە گەورەترە و پێناچێت یەكێتی وا بە ئاسانی بێتە ژێرباری ئەوەی پۆستەكە رادەستی گۆڕان بكرێت.
سەلما فاتح، ئەندامی یەكێتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بەهەمان كەناڵی راگەیاندووە “یەكێتی ئامادەیە پۆستەكە رادەست بكات و د.ئاسۆ فەرەیدوونیش نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ناردووە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا”. بەڵام یەكێتی مەرجی هەیە بۆ دەستلەكاركێشانەوەی پارێزگار و دانانی كاندیدی گۆڕان لە شوێنەكەی. وەك سەلما دەڵێت “یەكێتی رای وایە دەستلەكاركێشانەوە و متمانە بەخشین بە پارێزگار بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەن دەبێ كە دەكاتە 22 ئەندام، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەكەن بە دەنگی (50+1)ی ئەندامانی ئەنجوومەن بێ”.
هەرچی بزووتنەوەی گۆڕانە وەك ئەنوەر تاهیر دەڵێت “نامەی دەستلەكاركێشانەوەی ئاسۆ فەریدون نەگەیشتووە و دەبووایە بۆ ئەنجوومەن و لانیكەم بۆ دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی ناردبووایە”. گوتیشی “ئەگەر پارێزگار خۆی داوای دەست لەكاركێشانەوە بكات ئەوا بە دەنگی (50+1) قبوڵ دەكرێ. ئەگەر مەسەلەی لێپێچینەوە بێ ئەوا پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنەكه ههیه، كە لە كۆی 31 ئەندام دەبێ 22 ئەندام دەنگ بۆ بدەن”.
بزووتنەوەی گۆڕان 12 ئەندام و یەكێتی 11 ئەندامی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هەیە. كە هەردووكیان دەكاتە 23 ئەندام، بەڵام دوو ئەندامی یەكێتی لەدەرەوەی كوردستانن و ئەندامێكیان پرسەی هەیە، ئەمەش وا دەكات پێویستی بە دەنگی لایەنەكانی دیكە، لەوانەش پارتی هەبێ بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكە.
بەگوێرەی زانیاری ئەو كەناڵە، لە سەرچاوەیەكی باڵا زانیویەتی یەكێتی داوای لە پارتی كردووە لە مەسەلەی پۆستی پارێزگاردا هاوكاریی یەكێتی بكەن بۆ ئەوەی پۆستەكە هەر لەلای یەكێتی بمێنێتەوە. ئەگەر لەنێو ئەنجوومەنی پارێزگا گەیشتە مەسەلەی دەنگدان، داوا دەكەن له ئەندامانی پارتی لە بەرژەوەندیی گۆڕان دەنگ نەدەن.