چی لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان بارزانی و تیلەرسۆن تێبینی کرا؟

تەنیا کوردی

ئەمڕۆ کە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە (سەرۆک بارزانی) کرد بە دەستەواژەی پێمباشە ریفراندۆم دوابخرێ، لەڕووی ئەتەکێتی دیپلۆماسییەوە ئەم دەستەواژەیە هیچ فەرمانێکی ئەمری تێدانەبوو، لێی دەخوێندرێتەوە کە ئەمەریکا پێشوەختە شەرعیەتی داوە بە ریفراندۆم، هەروەها دەستەواژەکە وەڵامێکی ئەرێنی زۆر بەدوای خۆی جێدێڵێ کە ئەمەریکا لە ئاستی گەورەترین سلکی دیپلۆماسی کە وەزیری دەرەوەیە داوای هەماهەنگی دەکات و هیچ هۆشدارییەکی نەدا کە ئەمەریکا دژی ریفراندۆم بێ.
ئەمەریکا کە دەڵێ “پێمباشە ریفراندۆم دوابخرێ” واتە لەهەر وادەیەکی دیکەدا ئەمەریکا لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆم دایە، بۆ کورد پەیامی ئەمەریکا بریتییە لە راوێژکردن و دواتریش بە دڵنیاییەوە قبووڵکردنی ئەنجامی ریفراندۆمە.
لە پێوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمجارە بە دەستەواژەیەکی دیکە گفتوگۆی کرد و گوتی کە لەگەڵ دانوستانی هەرێمی کوردستاندان بۆ چارەکردنی پرسە سیاسییەکان بە تایبەت ئەو شاندەی کە بۆ ریفراندۆم دەچێتە بەغدا، ئەمەیش رێک پەیامێکی ئەمەریکا رووندەکاتەوە کە ئەمەریکا بەو ئاکامە رەزامەندە کە بەرێگەی ئاشتیی و دیالۆگ هەولێر و بەغدا بگەن بەرێککەوتنێک بۆ سەربەخۆیی و لەمەیشیاندا ئەمەریکا پشتگیر و هەماهەنگیشە.
لە وەڵامی بارزانی بۆ تیلەرسۆندا پەیامێکی گرینگ هەبوو، کە گەلی کوردستان بڕیاری دا ڕێی خۆی بگرێتە بەر، ئەم دەستەواژەیە پێداگری سەرۆکی کوردستان دەردەخات کە ئیدی ئەمە بڕیاری گەلە و کورد دەیەوێ چارەنووسی خۆی دیار بکات.
وەڵامی بارزانی بۆ تیلەرسۆن وەڵامی ناخی گەلی کوردستان بوو کاتێ پێیڕاگەیاند بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم چ زەمانەتێك و چ بەدیلێك هەیە بۆ ئاییندە و دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان؟ لەو وەڵامەدا مەبەستەکە روونە کە ئایا ئەگەر کوردستان وادەکە دوابخات زەمانەتی نووسرا و بەڵگەدار و دیکۆمێنتی ئەمەریکا بۆ پاڵپشتی کورد لە ئاستی فەرمیی دیپلۆماسیدا چییە؟
لێرەوە دەکرێ بڵێین کە رۆڵێ ئەمەریکا پێدەچێ لە قۆناخی دەسپێکی ریفراندۆمدا لە نێوان هەولێر و بەغدا رۆڵێکی نێوانگیری بێت بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک و دوای ریفراندۆمیش بڕیاری یەکلاکەرەوەی ئەمەریکا پێشبینی کراوە کە بریتی دەبێ لە پاڵپشتیکردن لە بڕیاری گەلی کوردستان.
سەرنجێکی دیکە ئەگەر بە وردی سەیربکرێ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وتی پێم باشە نەی گوت ئەمەریکا پێی باشە ئەمەیش بەرەنجامی ئەو پاڵپشتییە دەگەیەنێ کە کورد دۆستی گەورەی زۆری لە ئەمەریکادا هەیە و رای گشتیی ئەمەریکا پێشوەختە سەربەخۆیی کوردستانی لە ناوچەکەدا قبووڵە بۆیە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا وەک خۆی گوتی پێمباشە نەوەک وەک ئەمەریکا، ئەمەیش پێشوەختە ئاماژەیەکی دیکەیە کە ریفراندۆم بۆ ئەمەریکا لە قۆناخی راوێژکاریدایە و لە گەڵ ئاشکراکردنی ئەنجامەکەیشدا پێشبینیکراوە کە رای گشتیی ئەمەریکا بە پێشوازییەکی گەرمەوە بەپیر ریفراندۆمەوە بێ.

 

Back to top button