پەیامێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە

 

رۆژی شەممە 12-8 حكومەتی هەرێمی كوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانی لاوانەوە پەیامێكی بڵاوكردەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:-
ئەمڕۆ 12ی ئاب لە رۆژی جیهانی لاواندا بە‌گەرمی سڵاو لە لاوانی كوردستان دەكەین، رۆڵیان لە ئێستا و داهاتوی كوردستاندا بەرز هەڵدەسەنگێنین. وەك چۆن لاوانی دوێنێی كوردستان بە خەبات و تێكۆشان و قوربانیدان، كوردستانیان لە ستەم و دیكتاتۆری رزگار كردو ئەمڕۆش لە پێگەكانی سەركردایەتی و بەڕێوەبردنی وڵاتدا خزمەت دەكەن و رۆڵ دەگێڕن، بەهەمان شێوە هیوایەكی گەورە بۆ بنیاتنانی ئێستا و سەركردایەتیكردن و بەڕێوەبردنی داهاتوی وڵات لەسەر لاوانی كوردستان بنیات دەنێین.
لە كاتێكدا كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و خەریكە هەنگاوێكی مێژویی بۆ دیاریكردنی چارەنوسی خۆی دەنێت، ئەرك و بەرپرسیاریەتییەكی گەورەتر دەكەوێتە سەر شانی لاوانی كوردستان تا رۆڵی كاریگەریی خۆیان لە دیاریكردنی چارەنوسی گەل و وڵاتەكەیان و بەدەسهێنانی مافە رەواكانیاندا بگێڕن.
لەم یادەدا دوپاتیدەكەینەوە كە حكومەتی هەرێمی كوردستان بەهەموو شێوەیەك پشتگیری لە لاوان دەكات بۆ دابینكرنی هەموو مافەكانیان و ئەوەی لە توانایدا بێت كەمتەرخەمی ناكات بۆ رەخساندنی دەرفەتی زیاتری كارو مسۆگەركردنی ژینگەیەك كە تیایدا لاوان بتوانن ژیانێكی باشتر دروست بكەن، پەرە بە بەهرەو تواناكانیان بدەن و باشترین رۆڵ لە بنیاتنان و پێشخستن و بەڕێوەبردنی وڵاتدا بگێڕن.
دووبارە رۆژی جیهانی لاوان لە لاوانی كوردستان و جیهان پیرۆز بێت.

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان
12/8/2017

 

Back to top button