یەكەم كاردانەوەی ئەمریكا دژ بە هیلالی شیعی كردنەوەی بنكەیەكی سەربازیە لە تەلعەفەر

 

دوای ئەوەی ئەمریكا بڕیاری كردنەوەی بنكەیەكی سەربازی دا لە نزیك تەلعەفەر, گوتەبێژی فەرمی هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا رایگەیاند كە بنكە سەربازییەكەی ئەمریكا لە رۆژئاوای دیجلە و نزیك شارۆچكەی تەلەعفەر، ڕۆڵێكی گرنگ دەبینێ لە شەڕی رزگاركردنەوەی تەلەعفەر، هەروەها لە دوور مەودادا شكست بە پلانی دروستكردنی هیلالی شیعی دێنێت.

شێخ مزاحم ئەحمەد ئەلحوێت گوتەبێژی فەرمی هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی (ئانادۆڵو)ی توركی گوتی “ئەمریكا ماوەیەك پێش ئێستە دەستی كرد بە دامەزراندنی یەكێك لە گەورەترین بنكە سەربازییەكان لە گوندی كارێزی سنووری رۆژئاوای دیجلە لە نێوان عێراق و سووریا، ئەمەش بۆ هاووڵاتییانی سونەی عێراق هەنگاوێكی گرنگ و كاریگەر دەبێت”.

گوتیشی “ئەمریكا بە كردنەوەی ئەو بنكە سەربازییە لە رۆژئاوای دیجلە شكستی بە دروستكردنی هیلالی شیعی هێنا كە ئێران چەندین ساڵە كار لەسەر دروستكردنی دەكات، جگە لەمەش لەمەودوا دەستێوەردانی ئێران لە كاروباری سەربازی، كارگێڕی و سیاسی عێراق ئەستەمتر دەبێت و هەژموونی ئێران لە ئەمڕۆ بەدواوە رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو لاوازبوون دەچێت لە عێراق”.

گوتەبێژی فەرمی هۆزە عەرەبەكانی نەینەوا ئاماژەی بەوەش دا دوای كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق زیانێكی گەورە بە هاووڵاتییانی سوننە كەوت، بۆیە كردنەوەی بنكەی سەربازی لەو ناوچانەدا لەسەر داواكاری هۆزە سوننەكانی ناوچەكە سەرچاوەی گرتووە و بەشی هەرە زۆری سەرۆك هۆزە سوننەكان لە نامەیەكی هاوبەشدا داوایان لە هاوپەیمانان كردووە لە رێگەی دامەزراندنی چەندین بنكەی سەربازی ئەمریكا هێزەكانی بگەڕێنێتەوە عێراق. ئاشكراشی دەكات كە ئەمریكا نزیكەی ١٠ بنكەی سەربازی دیكە لە عێراق دەكاتەوە.

 

Back to top button