سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ: ئەوانەی داوای دواخستنی ریفراندۆم دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە كورد نەگات بە سەربەخۆیی
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان, چین و توێژەكانی كوردستان پشتگیری خۆیان بۆ سەربەخۆی و پرۆسەی سازدنی ریفراندۆم دووپاتدەكەنەوە , لەم چوارچێوەیە ئەمڕۆ یەكشەممە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان راگەیاند و گوتی ئەوانەی داوای دواخستنیشی دەكەن، ئامانجیان ئەوەیە كورد نەگات بە سەربەخۆیی.
زیا پەترۆس سڵێوە سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە راگەیاندراوێكدا هەڵوێستی خۆی لەبارەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان ئاشكرا كرد و ڕەخنەی لەو لایەنانەش گرت كە داوای دواخستنی دەكەن.
سڵێوە گوتی “بەر لە هەموو شتێك پێویستە ئەوە بگوترێ كە ڕیفراندۆم مافێكی ئاسایی هاووڵاتییە و باوەڕ ناكەم هیچ پاساوێك هەبێت بۆ دواخستنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، پێش چەند ساڵێك دەیانگوت باسكردن لە ڕیفراندۆم تەنها قسەیە و بۆ موزایەدەیە و ئەجێندای سیاسی لە دواوەیە، بەڵام ئەمڕۆ كە ئامادەكاری بۆ كراوە و بڕیاری بۆ دراوە، داوای دواخستنی دەكەن یان دەڵێن كاتی نییە، بێ ئەوەی هیچ بەدیل هەبێت”
سەرۆكی دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە كوردستان پێوایە “داوای دواخستنی ریفراندۆم یەك ئامانجی هەیە، ئەویش درێژەی هەوڵەكانە بۆ نەگەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان و بڕیاردان لە مافی چارەنووس، بۆیە پشتگیری لە بریاری ریفراندۆم دەكەین”.
ڕۆژی ٢٥ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان لە شارەكانی هەرێمی كوردستان و شار و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ئەنجام دەدرێت.