کێن ئەوانەی دژی سەربەخۆیین ؟

مەسعود مەلا پەروێز
 
کێن ئەوانەی دژایەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی دەکەن ، کێن ئەو کەسانەی ئەمڕۆ کوێرانە کەوتوونەتە دژایەتی کردنی خەونی ئازادی سەدان ساڵەی ئەم نەتەوە ژێر دەستە و داگیرکراوە ، ئەو نەتەوەیەی کە سەدان ساڵە خوێن دەڕێژێ و ئەنفال و کیمیا باران و ئاوارە و دەربەدەری وڵاتان دەکرێ ، میلەتێک هەمیشە لەسەر پێ ئامەدە بووە هەموو مەینەتیەک و ئازارێک بچێژێت تەنها بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن دەوڵەت و کیانێکی سەربەخۆ ، ئەم نەتەوە هیچی ناوێت تەنها دەیەوێت لەژێر دەستەیی عارەب ڕزگاری بێت و وەک هەر نەتەوەیەکی سەر گۆی ئەم زەمینە بە ئازادی وسەربەستی بژیت ، دوای دنیایەک چەرمەسەری و مەینەت کێشان پێم سەیرە ئێستا لەژێر پەردەی گرانی و خراپ بوونی باری گوزەرانی خەڵک ، کەسانێک دروست بوونە دژی خەونی لە مێژینەی نەتەوەکەی خۆیانن ، ئەمانە کێن ؟ کێ سەرکردایەتی دەنگی نەخێر دەکات ؟ بۆ ئەم ناپاکیە دەکەن ؟
ڕوونە ئەمانە کومەڵێک کەسی بازرگان و هەرزە سیاسین ، بازرگانی بە چارەنووسی میلەتێکەوە دەکەن چونکە درکیان بەو ڕاستیە کردووە و دەزانن ئەگەر ببینە خاونی دەوڵەتی خۆمان و دامەزراوەی پوختی دەوڵەت دروست بکرێت هەرگیز ئەم کۆمەڵە بازرگانە ناتوانن بەو بەڕەڵاییە بازرگانی ڕەشی خۆیان لەگەڵ نەیاران بکەن و سامانی گەورە و زەبەلاح پێکەوە بنێن و کەناڵی ئاسمانی بە پاڵپشتی دووژمن لە کوردستاندا بکەنەوە ، ئەگەر دەوڵەت دروست بکرێ چیتر جاشایەتی و نۆکەری بێگانە بەو شێوەیە ئاسان نابێت کە لە ئێستادا دەیکەن ، بۆیە ئەوانەی ئێستا دژی سەربەخۆیی و ئازادی کەمپینیان ڕێکخستووە تەنها بۆ مانەوەی خۆیان ئەم ناپاکیە لە نیشتیمان دەکەن چونکە باش دەزانن دەوڵەت ڕێگای بەڕەڵایی و گەندەڵیان لێدەبڕێت و چیتر وەک ئێستا بۆیان ناچێتە سەر و هاکا لە پڕێکا ببنە کوڕێک ، بەدرێژایی مێژوو وابووە سەربەخۆیی چەند دەبێتە خێر و بەرەکەت بۆ کەسانی دڵسۆز و نیشتیمان پەروەر هێندەش دەبێتە ئاگرێک بۆ خەڵکی گەندەڵ و جاشی وڵاتانی دیکە ، بۆیە دڵنیام ڕیفراندۆم لەکاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و به دەنگی زۆرینەی گەلی کورد سەربەخۆیی سەردەکەوێت
Back to top button