پێنج خاڵەكەی گۆڕان بۆ رێككەوتنە؟
رێبوار كهریم وهلی
(1)
سەرئەنجام بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری دا لەگەڵ پارتی دانیشێت و پێشوەختەش تەوەرەكانی دانیشتنی خۆیانی بە پارتی راگەیاند. ئەڵبەتە ئەمانە وەك خۆیان دەڵێن (خاڵ)ی دانیشتن نین و بگرە (مەرج)ن، چونكە لە هەموو خاڵەكاندا، دیدگای خۆیان بەسەر پارتیدا فەرز كردووە.
بە واتایەكی دیكە ئەو پێنج خاڵە چوارچێوەی سیاسەتی گشتیی بزووتنەوەكەیە و دەیەوێ بە دەنگدەرەكانی خۆی بڵێت، هیچ مساوەمەیەك لەسەر درووشمەكانی پێشوویان نەكراوە. بەڵام پرسیاری جددی لێرەدا ئەوەیە كە ئەی پارتی لەو پێنج خاڵە چی دەست دەكەوێت؟ ئەگەر ئەوە (دان) و (ستاندن)ی سیاسییە، نەدەبووایە گۆڕان هەر لە دەققەی یەكەمەوە، ئەوراقی گفتوگۆ كەشف بكات، دەكرا چوارچێوەی گشتیی دانوستاندنەكان باس بكات و ئەوەی دیكەی هەڵگرێ بۆ كۆبوونەوەی دوو قۆڵی.
پارتی هەموو نەرمی نواندن و تەنازولاتی لە پێناوی سەرخستنی پڕۆسەی ریفراندۆمە لە 25ی ئەیلول و یەكێك لە مەرجەكانی گۆڕان ئەوەیە كە ریفراندۆم (نەك لەبەر ئەوەی زەمینەی یاسایی نییە)، بگرە هەلومەرجی سیاسی، ئابووری و كۆمەڵایەتیش لەبار نییە، بۆیە دەبێ بۆ كاتێكی دیكەی نادیار دوابخرێت (كە گۆڕان نایەوێ تەنانەت ئەگەر پەرلەمانیش كارا بكرێتەوە، لەم خولەدا بڕیاری لەسەر بدرێت و مەبەستیەتی دوابخرێت بۆ پەرلەمانی داهاتوو).
ئەوەی گۆڕان لە راگەیەندراوەكەیاندا بۆ رای گشتی و پارتی بەیانیان كردووە، ئەستەمە پارتی پێیان رازی بێت، ئەگەر گۆڕان بەدیلی ئەو تەوقیتەی 25ی ئەیلولی پێ نەبێت و زەمانەتی ئەوەش نەدات كە لە پەرلەمان وەكو بڕیارێك تێیدەپەڕێنێت. ئینجا خاڵێكی گرنگیش ئەوەیە كە هەر دواخستنێك لە وادەی گشتپرسیدا رووبدات، دەبێ بە هەمان ئاراستەدا ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی بۆ درێژ بكرێتەوە، ئەگەرنا پارتی ناچێتە ناو سەودایەكی وەهاوە.
دانوستاندنی پارتی لەگەڵ گۆڕان هەر لە فەلەكی گشتپرسیدا دەبێ و ئەگەر گۆڕان مەبەستیەتی لە پڕۆسەی حوكمڕانیدا بێت (كە لە پێنج خاڵەكەدا ئاماژەیان بەگەڕانەوەی وەزیرەكانیان نەكردووە)، دەبێ وەكو حیزبێكی سیاسی ئەویش بایی ئەوە مروونەتی تێدا بێت كە ئەویش بە داواكارییەكی پارتی رازی بێت. ئەگەرنا پارتیش لەوە باش تێگەیشتووە كە گۆڕان ناتوانێ سەنگەر لە گشتپرسی بگرێت، چونكە ئەوكاتە حیزبەكەی دەبێتە پاشكۆی سەرمایەداركراوە (نەخێر) گۆیەكەی سلێمانی.
رێككەوتنێكی نوێ
(2)
پارتی و یەكێتی رایانگەیاندووە كە رێككەوتنێكی نوێ بۆ قۆناغی داهاتووی حوكمڕانی لە كوردستاندا ئەنجام دەدەن، جەوهەری ئەم رێككەوتنە نوێیە ئەوەیە كە گشتپرسی لە كوردستاندا ئەنجام بدرێت و لەبەرامبەر ئەوەشدا هەڵبژاردنە گشتییەكان تا ماوەیەك دوابخرێن. هەر بۆیە وەك ئەوەی گۆڕان بۆنی ئەوەی كردبێ كە شتێكی وا لە ئارادایە، یەكێك لە مەرجەكانی دانوستاندنەكانی نێوان خۆیان و پارتیی تەرخان كردووە بۆ ئەوەی كە هەڵبژاردنەكان لە كات و وادەی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.
لەڕاستیدا یەكێتی تەنها هێزی سیاسییە لە كوردستان كە لەو زرووفەدا حەز بە دواخستنی هەڵبژاردنەكان دەكات و دەزانێ كە گۆڕان لە مەسەلەی ریفراندۆمدا یاری بە كات دەكات و خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكات. ئەوەش باش دەزانێ كە لە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردنەكاندا، گۆڕان گورزێكی گەورەی بەردەكەوێت. چونكە هەڵبژاردنێكی خێرا لە كوردستاندا حەجمی گۆڕان بە یەك دوو كورسی زیاد و كەم، دەپارێزێت و تا چوار ساڵی دیكە پێگەی گۆڕان قایم دەكات.
بەڵام دواخستنی هەڵبژاردن وا دەكات كە دەنگدەرانی گۆڕان تووشی نائومێدی و پەرتەوازەیی ببن و كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕانیش پەرەبستێنن. هاوكات یەكێتی دەزانێ كە دكتۆر بەرهەم ساڵحیش (ئەگەر نەگەڕابێتەوە ناو یەكێتی، چونكە هەوڵێكی جددی هەیە بۆ رێكخستنەوەی ناوماڵی یەكێتی) لیستی بۆ هەڵبژاردنەكان دەبێت. بۆیە وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ئەمساڵدا، وادەیەكی دڵخۆشكەر نییە بۆ یەكێتی و بەتایبەتیش كە یەكێتی ئێستا پێیوایە تازە بە تازە سەقامگیرییەكی رێژەییان لەناو خۆیاندا دروست كردووە و دەیانەوێ پەرەی پێ بدەن.
فوئاد مەعسووم لە خەو هەستێنن
(3)
سەرۆككۆماری عێراق بەپێی دەستوور، پارێزەری دەستوورە و دەبێ لە كاتی پێشێلكردنی دەستووردا بێتە جواب! ئەڵبەتە مام جەلالیش هەمان رۆڵی هەبوو، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا لەسەر هەموو ئەو پێشێلكارییانەی كە دەسەڵاتی شیعە لەبەغدا بەرامبەر دەستوور و شەراكەت كردوویانە نەهاتووەتە جواب. بڕیارە شاندی كۆمیتەی باڵای ریفراندۆم لە بەغدا دوای بینینی عەبادی، چاویان بە فوئاد مەعسوومیش بكەوێ و لەگەڵی كۆببنەوە.
بەپێی دیباچەی دەستووری وڵاتی بەناو عێراق، جێبەجێكردنی بەندەكانی دەستوور زامنی مانەوەیەتی بە یەكگرتوویی و لەئەگەری پێشێلكردنیدا كورد مافی ئەوەی هەیە بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات. ویلایەتی سەرۆك فوئاد مەعسووم هەر چەند مانگێكی دیكەی ماوە و دەتوانێ لەو ماوەیەدا ئەویش مێژوویەك بۆخۆی تۆمار بكات. ئەو دەتوانێ دلێرانە و وەك ئەو كاتانەی پێشمەرگە بوو، بە دەنگێكی بەرز رایبگەیەنێت كە گەلی كوردستان مافی بڕیاردان لە چارەنووسی خۆیان هەیە و دەستوور پێشێل كراوە و زەمینەكانی شەراكەت لەبار براون. بە داخەوە ئەو دەنگە لە ئیسرائیلەوە دێت، بەس لە نوێنەری كورد لە بەغداوە نابیسترێ.