له‌ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بریار له‌سه‌ر 20 پرۆژه‌ درا

 
به‌پێی راگه‌یاندراوێكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجوومه‌نی باڵای وه‌به‌رهێنان، زیاتر لە 20 خاڵیان خستەڕوو بۆ گفتوگۆکردن و بڕیاردان لەسەریان کە زۆرینەیان ئەنجامدانی پرۆژەی پیشەسازی و خزمەتگوزاریی گشتی بوون. پاش هەڵسەنگاندن و رێکخستنی میکانیزمی جێبەجێکردنیان، بڕیار لەسەر جێبەجێکردنی زۆرینەیان درا.
 
پێشنیوه‌ڕۆى ئەمڕۆ دووشه‌ممه‌ 14-8-2017، ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیران و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لە هەولێر کۆبووه‌وه‌، بەپێی راگەیێندراوی حکومەت، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێناندا چەند پرسێکی گرنگی پەیوەست بە چۆنێتی پەرەپێدانی وەبەرهێنان بەگشتی و کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ بەتایبەتى لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان گفتوگۆی لەبارەوە کراوە و “پلان و میکانیزم بۆ کارئاسانیی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژانەی خزمەت بە هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت ده‌كه‌ن، داڕێژرا”.
بەگوێرەی راگەیێندراوی حکومەت، له‌ کۆبوونەوەدا بڕیار دراوە “بە زوترین کات” رێنمایی و راسپارده‌ په‌سهندكراوه‌كان بکەونە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەوانەشی كه‌ هێشتا په‌س‌ند نه‌كراون، بڕیاردان لەسەریان لە داهاتوویەکی نزیکدا و له‌پێناو گەشەکردنی ئابووریی هەرێمی کوردستان، لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە دیراسە بکرێن.
 
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت له‌وه‌ كراوەتەوە،‌ حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەسازی بكات بۆ ئەوەی ئاسانکاریی تەواو بکرێت بۆ ئەنجامدانی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و دابینكردنى رەوشێکی گونجاو لەپێناو پێشخستنی پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان و کردنەوەی کارگە پیشەسازییەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت پێداویستیی هاووڵاتییان لە ناوخۆی کوردستاندا دابینکرێت.
سه‌رۆكوه‌زیران نێچیرڤان بارزانی دووپاتی كرده‌وه‌ “دەبێت گرنگیی زیاتر بە کەرتی پیشەسازی و کشتوکاڵ و وەبەرهێنان بە شێوەیەکی گشتی بدرێت، بۆ ئەوەی داهاته‌كان هەمەجۆر بێت و تەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێت، بۆیە ئێستا بووژاندنەوەی ئەو کەرتانە لە پێشەنگی کارەکانى حكوومه‌تدا ده‌بێت”.
 
هاوکات قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران رایگەیاندووە، لە چوارچیوەی چاکسازییەکانی حکومەتدا، ژمارەیەک رێنماییی گرنگ گەڵاڵە كراون و ئێستا لە بواری جێبەجێکردندان بەمەبەستی باشترکردن و ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەران بۆ ئەوەی لەگەڵ حکومەت بتوانن باشترین خزمەت بە هاووڵاتیان بگەیەنین و ئابووریی کوردستانیش ببوژێنینەوە”.
 
قوباد تاڵەبانی گوتوویەتی “دەبێت ئەو لایەنانەی پەیوەستن بە وەبەرهێنەران و کەرتی تایبەت، بە هاوکاریی حکومەت، ئەو کەموکورتیانەی کە ماون بەزوترین کات دیاری بکرێن و چارەسەری یاسایی و گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت”.
 
Back to top button