پیرە: ھیچ وڵاتێك دژی پرسی ریفراندۆم نییە
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆم لە ئێستادا چاڵاكی پەیوەست بەم بابەتە لە ناوەندە ئەكادیمەیكانی كوردستان بەڕێوە دەچێت, ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئاماژە بەوە دەدات كە ھیچ لایەنێك و دەوڵەتێكی زلھێزی جیھان دژی ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان نییە.
سەعدی پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەمیانی سێیەمین دیداری زانكۆی سەڵاحەدین 2017، پانێڵی ریفراندۆم و چارەنووسی ھەرێمی كوردستان، رایگەیاندووە: “پێم وانییە ھیچ وڵاتێك دژی ریفراندۆم و پرسی سەربەخۆیی كوردستان ببێت”.
ئەو ئەندامەی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەوەشی خستە روو: “بێگومان وڵاتانی خاوەن سیادە، باسی ئەوە ناكەن كە وڵاتان لەت بكەن، بۆیە ئەو بڕیارە لای ئێمەیە وەك گەلی كورد، كە دەمانەوێ سەربەخۆ بین”.