سەربەخۆیی لە نێوان ئیرادەی گەل و ڕای دەوڵەتان
بهمن كاك عبداللە
من باوەڕی تەواوم بەوە هەیە كەگەلانی جیهان بە قۆستنەوەی دەرفەتەكانی مێژوو ئیرادەی بەهێزی خۆیان دەوڵەتیان بۆ خۆیان دروستكردوە و بوون بەخاوەنی سنور و ئاڵا .
بەڵام كورد جیاوازیەكەی ئەوەیە كاتێك دەرفەتی بۆ دروست دەبێت ئیرادەی بەهێزی خۆی لەدەست دەدات و گوی بۆ هەڕەشە یان ڕاو بۆچوونی دوژمنەكانی دەگرێت، وەنەبێت كورد ئەو ئیرادەیەیی بەكار هێنابێت و شكستی هێنابێت بەڵكو بەپێچەوانەوە سەركەوتوش بوە .
ساڵی ۱۹۹۱ دوای داگیركردنی كۆیت لەلایەن عێراق و هیرشی هاوپەیمانان بۆسەر عێراق كورد بەئیرادەی بەهێزی خۆی و بێ پشتیوانی هیچ كەس ڕاپەڕینی كرد .
هەر لەهەمان ساڵ دا ئەمریكای زلهێز دەستی سەدامی بەرەڵاكرد كوردستان داگیر بكاتەوە ، بەڵام ئەوە ئیرادەی كورد بوو بڕیاری دا بمرێت لەسەرما و برسێتی دا لەسەر شاخەكان بەڵام ژێردەستە و زەلیل نەمێنێت ، بۆیە كۆڕەوی مەزنی لێ دروست بوو ، كۆمەڵگەی نیو دەوڵەتی ناچار كرد هێلی ۳٦ بۆ پاراستنی كورد دیاری بكات .
لەساڵی ۱۹۹۲ دوای كشانەوەی دام و دەزگا ئیداریەكانی حكومەتی عێراق لە كوردستان ، ئیرادەی بەهیزی كورد بوو بڕیاری هەڵبژاردن و دامەزراندنی حكومەت و پەرلەمانی ی كوردستانی داو ئەمریكاش دژی بوو بەڵام كرا .
ساڵی ۲٠٠۳ و دوای ڕوخانی ڕژیمی عیراق ئەمریكا دژی فیدراڵی و لەگەڵ عیراقی مەركەزی بوو ، ئەمریكا دژی مانەوەی پێشمەرگە بوو ، ئەمریكا دژی ئەوە بوو كورد ببێتە سەرۆك كۆماری عیراق ، ئەمریكا لەگەل ئەوە بوو عێراق بەشێكە لە نیشتمانی عەرەب ، هەموو ئەمانە بەئیرادەی بەهێزی كورد و سەرۆك بارزانی چەسپا.
ئێستا كەڕۆژی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان دیاری كراوە جگە لە ئێران كەس دژی نەوەستاوە تەنها دەڵێن پێمان باشە دوابخرێت ، بەڵام ئیرادەی بەهێزی كوردی دەوێ تا ئەو ڕۆژە واتا ۲٠۱۷/۹/۲٥ خۆی ڕابگرێت و پەشیمان نەبێتەوە ، دوای ئەو ڕۆژەش بەجیهان بڵێت ئەوە ئیرادەی میللەتە داوای سەربەخۆیی دەكات ، ئەوجا دەبینن چۆن جیهان سەربەخۆیی وەك ئیدارەی ۱۹۹۲ بۆ ۲٠٠۳ و فیدراڵیەت قبوڵ دەكات و دەبێتە ئەمری واقع .
ئێستا كەتۆ ڕیفراندۆمت نەكردوە و خۆت زیڕەت بەخۆت كردوە ، چۆن چاوەڕێیت دەوڵەتانی دونیا پشتیوانت بن ، تۆ كە پێت وابێت ڕۆژی ڕیفراندۆم دەبێت عێراق و ئیران و توركیا و بۆت دیاری بكەن یان ڕازی بن پێ ی و خۆت ئیرادەت ڕووخابێت ، بەخەونیش سەربەخۆیی نابینیت .
دەبێت كورد هەمان ئیرادەی بەهێزی بارزانی هەبێت و پاشەكشە لەو هەنگاوەنەكات ، ئەو كات دەبینین دەوڵەت دروست دەبێت یان نا .