خواكوڕك وەڵامی كۆمسیۆن بۆ سەرۆكایەتی هەرێم بڵاودەكاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی كوردستان، وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستانی دایەوە لەبارەی دیاریكردنی كاتەكانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی و هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان.
بەگوێرەی نووسراوە فەرمیەكە، كە كۆپیەكی دەست (خواكوڕك) كەوتووە، كۆمسیۆنەكە بە سێ بەش وەڵامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە.
لە نووسراوەكەدا، كە زۆرینەی كۆمسیارانی سەر بە حزبە سیاسی و پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان ئیمزایان لەسەر كردووە، جگە لە نوێنەرانی گۆڕان و كۆمەڵ، كۆمسیۆن هیوای خواستووە پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بۆ بەڕێوەبردنی ڕێكارە یاساییەكانی بڕیارەكەیان، تاوەكو ریفراندۆم و هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمان لە كاتی خۆیاندا ئەنجام بدرێن.
كۆمیسیۆن لە بەشی یەكەمی نووسراوەكەیدا كە ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی كردووە، نووسیویەتی “ئاماژە بە فەرمانی سەرۆكایەتی هەرێم ژمارە بە فەرمانی هەرێمی ١٠٦ لە ٨\٦\٢٠١٧ كۆمیسیۆن ئامادەكاریی كردووە بۆ ئەنجامدانی راپرسی لە ٢٥\٩ ٢٠١٧ و هیواخوازە پەرلەمان ئاسایی بكرێتەوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە شێوەیەكی ئاسایی بۆ بەڕێوە چوونی پرۆسەكە”.
لە بەشی دووەمیشدا، كە ئەویش ئاراستەی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانە هاتووە “ئاماژە بە ژمارە ١٢٨ فەرمانی هەرێمی ١٢\٧\٢٠١٧ بە ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان كۆمیسیۆن ئامادەكاری كردووە بۆ ئەنجامدانی ئەو پرۆسەیە لە ١\١١\٢٠١٧”.
لە وەڵامی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستانیشدا نووسیویەتی كە ئاماژە بە نووسراویان ژمارە ٣٠ لە ٢٩\٥\٢٠١٧ سەبارەت بە راپرسی كۆمسیۆن ئامادەی كردووە بۆ ئەنجامدانی راپرسی لە ٢٥\٩\٢٠١٧ و بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان لەكاتی خۆیدا.