دەزگای موسادی ئیسرائیلی: ئەو ناوچانەی لە داعش پاكدەكرێنەوە، لەلایەن ئێرانەوە كۆنتڕۆڵدەكرێت
لەگەڵ ئەوەی ئێران لە گۆڕەپانی شەڕی دژ بە داعش لە عێراقو سوریا دەبینرێت, سەرۆكی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی دەڵێت، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش دەردەهێنرێت، دواتر لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.
یوسی كۆهین سەرۆكی دەزگای هەواڵگری مۆسادی ئیسرائیلی بە رۆژنامەی تایمز ئۆف ئیسرائیلی راگەیاندووە، كۆماری ئیسلامی ئێران سوودێكی زۆری لە رێككەوتنی ئەتۆمی نێوان خۆی و وڵاتانی ئەمریكا و ئەوروپا وەرگرتووە، لە رووی سیاسییەوە هەژموونی خۆی بەسەر ناوچەكەدا زیاتر كردووە و باری ئابووری خۆیشی بەرەو پێشەوە بردووە.
ئاماژەشی كردووە، شەڕ دژی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) هەنگاوی گەورەی ناوە، بەشێكی زۆری ئەو ناوچانەی لە ژێر دەست دەرهێنراوە كە ساڵی 2014 لە عیراق و سوریا كۆنترۆڵی كردووە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە، ئەو ناوچانەی لە ژێر دەستی داعش دەردەهێنرێت، دواتر لە لایەن ئێرانەوە دەستی بەسەردا دەگیرێت.