هێمن هەورامی: هەڵوێستی ئوردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە
دوای ئەوەی كە ئەمڕۆ بەرپرسی بەدواداچوونی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشییەكانی مەكتەبی سەرۆك پێشوازی لە كونسووڵی ئوردن كرد لە هەولێر ڕایگەیاند، هەڵوێستی ئوردن سەبارەت بە ڕیفراندۆم ئەرێنییە.
هێمن هەورامی بەرپرسی بەدواداچوونی كاروباری سیاسی و پەیوەندییە گشییەكانی مەكتەبی سەرۆك، پێشوازیی لە (هەیسەم ساڵح ئەبوو ئەلفوول)، كونسووڵی ئوردن لە هەرێمی كوردستان كرد.هەورامی دوایین پێشڤەچوونە سیاسییە ناوچەیی و نێوخۆییەكانی زۆر بەوردی و لە ڕوانگەی (سەرۆك بارزانی) و سەركردایەتیی سیاسیی كوردستانەوە بۆ (هەیسەم ساڵح ئەبوو ئەلفوول)، كونسووڵی ئوردن لە هەرێمی كوردستان شی كردەوە. سەبارەت بە چوونی شاندی باڵای كوردستانیش بۆ بەغدا و ئەجێندای كۆبوونەوەكان، بابەتی گفتوگۆی شاندەكەی بۆ خستەڕوو.
(هێمن هەورامی) ئاماژەی بەو زمانە سیاسییە كرد، كە هەرێمی كوردستان لە گفتوگۆكانیدا لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دراوسێ پێی دەدوێت و هەڵگری پەیامی چارەسەرییە و كۆتاییهێنانە بە سەپاندنی دەسەڵاتێك، كە لە دەرەوەی ئیرادەی میللەتان بێت.
(هەورامی) ئەوەشی گوت: ”ئوردن یەكێك لەو وڵاتە گرینگە عەرەبی و ناوچەییانەیە، كە لەسەر زۆر ئاست پەیوەندییەكی بەتینی لەگەڵ كوردستان هەیە و لەسەر پرسی ڕیفراندۆمیش هەڵوێستی زۆر پۆزەتیڤیان هەیە.”