نەخێرو مالیکی و دەبابەی پۆڵۆنی!
ئەردەڵان هەڵەبجەیی
۱ـ
لە دوای ئەوەی پرسی ڕیفراندۆم لە کوردستان لە لایەن زۆرینەی هێزە سیاسیەکانی کوردستان و نوێنەری پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینیەکان بڕیاری لەسەر دراو ڕۆژی ۲٥ی ۹ وەک ڕۆژی دەنگدان دیاری کرا،هەروەک چاوەڕوان دەکرا لەبەرامبەردا دەستەیەک بەرەی نەخێریان بۆ ڕیفراندۆم ڕاگەیاند،دژایەتی ئەوان بۆ پرسەکە لەوەوە هات کە دوای سەردانی سەرمایەداری سەرکردایەتی کاری بەرەکەیان بۆ ئەمریکا،ئەمریکیەکان ڕەفزی وەها پڕۆژەیەک دەکەن،کەمێ دوای وە درۆ خستنەوەی لێدوانەکانی ئەو بزنسمانە و سەردانی ڕاوێژکاری ئاسایشی هەرێم بۆ ئەمریکاو دیدارە گرنگەکانی،دواتر ئەو بەرەیە بانگەشەکانیان گۆڕی بەوەی کە ڕیفراندۆم بۆ موزایەدەیە نەک دەوڵەت دروست کردن!
لە دواین گۆڕانکاری لە هەڵوێستەکانیان لە ئێستادا پێیان وایە ئەو دەوڵەتە کە بڕیارە دروست ببێت بۆ ڕێگری کردنە لە پێکەوە گرێدانی دوو بەشی کوردستان(باشور و ڕۆژئاوا) کە ئەمریکا دەیەوێت بیکاتە دەوڵەت!
ئەم بۆچونە دۆگما و ناعەقڵانیە گومانەکانی لەسەر ڕابەرانی بەرەی نەخێر زیاد کردووە،کە نەک خۆرسک نین بگرە ئەوان لە بری سێبەر لە گیرفانی مالیکیدا ئیلهام وەردەگرن و هەر ڕۆژەو بەدوای درۆیەکن بۆ بەردەوامی هەڵوێستی خۆیان و گەوجاندنی هاوڵاتیان.
۲ـ
لە ساڵی ۲۰۰٨ هێزێکی پێشمەرگە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە تیرۆریستان لەسەر داوای عێراقیەکان چونە قەرەتەپە،دوای کۆتایی هاتنی مەترسیەکان و پاک کردنەوەو پاراستنی ناوچەکە بە خوێنی سیازدە پێشمەرگە،دواتر سوپای عێراق لەسەر بڕیاری مالیکی لە بری دەست خۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە،داوا دەکەن لە ماوەی ۲٤ سەعات ئەو ناوچانە جێ بهێڵن گەرنا بەشەڕ دەریان دەکەن،ئەوکات پێشمەرگە داواکەی ڕەتکردەوەو لەبەرامبەردا نوری مالیکی دەیان دەبابەی پۆڵۆنی لە جنوبەوە بەرەو قەرەتەپە خستە ڕێ بۆ لێدانی پێشمەرگە،بەڵام دەبابە پۆڵۆنیەکانی مالیکی بە هۆی کۆنیان نیوەیان لەڕێدا لەکار کەوتن و تا ئێستاش بەڕێوەن و نەگەیشتون!
۳ـ
ئێستا لێک چونێک هەیە،لە نێوان بەرەی نەخێرو دەبابە پۆڵۆنیەکان کە هەردوکیان موڵکی مالیکین ئەویش ئەوەیە لە ڕۆژی دیاری کراوی خۆیدا ڕیفراندۆم ئەنجام دەدرێت و لە ئێستاشەوە ڕوونە بەڵێ ڕای زۆرینەی کوردستانیانە،لەوەش ڕونتر وەک چۆن دەبابە پۆڵۆنیەکان نەگەیشتنە قەرەتەپەو ئامانجەکانیان لە گۆڕنرا،هەربەو شێوەیەش ئامانجی بەرەی نەخێر پێش ئەوەی بگەینە ڕۆژی دەنگدان لە گۆڕان نراوە،بەڵام نازانم مالیکی بە کامیان دڵتەنگتر دەبێت،نەگەیشتنی دەبابە پۆڵۆنیەکان یان کەوتنی بەرەی نەخێر؟