سندوقی دراو نێوده‌وڵه‌تی بودجه‌ی 2017 داده‌ڕێژێت

خواكوڕك

به‌پێی لێدوانه‌كانی به‌رپرسانی ئابووری عێراق، 28ی ئەم مانگە شاندێك لە وەزارەتی دارایی و ژمارەیەك شارەزایانی ئابووری كۆبوونەوەیەك لەگەڵ سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ساز دەكەن و تاوتوێی بودجەی 2017ی عێراق دەكەن.

لەو كۆبوونەوەیه‌دا گفتوگۆ لەبارەی رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی دەكرێت كە وەك مەرج لە بەرامبەر پێدانی قەرز بەعێراق دیاری كردوون. لە كاراكردنەوەی وەرگرتنی باج و كەمكردنەوەی خەرجییەكان و كاراكردنی سەرچاوەكانی داهاتی بێجگە لە نەوت.

وتوێژەكان لەبارەی نرخی نەوت چڕ دەبێتەوە كە قەبارەی بودجەی 2017 لەسەر ئەو بنەمایە دیاری دەكرێت و پێویستە لەسەر بنەمای نرخێكی بەرزتر لە نرخی نەوت لە بازارەكان حسێب نەكرێ.

به‌شێك له‌شاره‌زایانی بواری ئابووری پێیانوایه‌، رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی و دەستوەردان لە كاروباری بودجە و دیاریكردنی بودجەكە، رەنگە لە بەرژەوەندی سەرمایەی بیانی بێت. بۆیه‌ پێویسته‌ كه‌ چاودێریه‌كی زۆری پرۆسه‌كه‌ بكرێت تاوه‌كو رێنماییەكانی بانكی نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی وڵات بێت، بەو پێیەی داوای كەمكردنەوەی خەرجییەكانی بەكاربردن دەكەن نەوەك خەرجییەكانی وەبەرهێنان.

به‌های بودجه‌ی خه‌ملێنراوی عێراق بۆ ساڵی 2017 به‌ بڕی 82 ملیار دۆلاری ئه‌مریكی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی دارایی ئه‌و وڵاته‌وه‌ خه‌ملێنراوه‌، به‌ هه‌ژماركردنی نرخی به‌رمیلێك نه‌وت له‌به‌رامبه‌ر 40 دۆلار. وا بڕیاره‌ هه‌فته‌ی داهاتوو ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆ له‌و باره‌وه‌ بكات و دواتر ره‌وانه‌ی په‌رله‌مان بكرێت.

Back to top button