بارزانی په‌یامێك له‌باره‌ی پارتی بڵاو ده‌كاته‌وه‌

ئه‌مرۆ 15ی 8ی 2017 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، په‌یامێكی له‌باره‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاو كرده‌وه‌، له‌ په‌یامه‌كه‌دا هاتووه‌” پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان ئامرازی بەرگریكردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا.

 بارزانی له‌په‌یامه‌كه‌ی دا ده‌شلێـ”لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وكۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. ئەو خۆڕاگرییە مكوڕترمان دەكات لە هەنگاونان بەرەو ئاییندە و كاركردن بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی كوردستانە. سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی و پێكەوەژیان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی كوردستان هەیە.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان بەبۆنەی ڕۆژی شانزەی ئاب و، حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی كادیر و ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم. پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو چینوتوێژ و پێكهاتەكانی كوردستان دەكەم.

پارتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنییەوە هەتا ئێستا ئامرازێك بووە بۆ بەدیهاتنی ئامانجە دیموكراتی و نیشتیمانی و نەتەوەییەكانی گەلی كوردستان و لە هەمانكاتیشدا هاوشان لەگەڵ هێزە تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرەكانی تری كوردستان ئامرازی بەرگریكردن بووە لە ماف و پێناسەی گەلی كوردستان لە هەموو قۆناغەكاندا.
پارتی لە دروشم و لە كرداردا پێشەنگ و هەڵگری بەرپرسیارێتیی بووە لە قۆناغە گرنگەكانی خەباتی گەلی كوردستان و ئێستایش لە قۆناغی بنیاتنان و شەڕی تیرۆر و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی بە شانازییەوە خاوەنی هەمان ئەرك و ڕۆڵە و لەم ڕێگەیەدا قوربانیی بێهەژماری داوە.
لەو بۆنەیەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی خۆڕاگری وكۆڵنەدانی جەماوەری پارتی و هەموو خەڵكی كوردستان بكەم. ئەو خۆڕاگرییە مكوڕترمان دەكات لە هەنگاونان بەرەو ئاییندە و كاركردن بۆ مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلەكەمان. ئەوەیش دووپات دەكەمەوە باشترین وەفا و وەڵام بۆ خوێنی شەهیدان و قوربانیدانی گەل سەربەخۆیی كوردستانە. سەربەخۆیی كوردستان و ئاشتی و پێكەوەژیان ئامانجی پارتی دیموكراتی كوردستانە و لەو ڕێگەیەدا ئامادەی هەموو قوربانیدانێكە و بۆ گەییشتن بەو ئامانجانە پارتی بڕوای بە یەكڕیزی و تەبایی نێوخۆیی كوردستان هەیە.
داوا لە ئەندام و لایەنگرانی پارتی دەكەم كە بە هەموو توانایەكیان هاوشان لەگەڵ هەموو خەڵكی كوردستان پاڵپشتی پڕۆسەی سەربەخۆیی و ڕیفراندۆم بن، چونكە جگە لە سەربەخۆیی، گەلی كوردستان هیچ ڕێگەیەكی تری لەبەردەم نییە، ئەوەیش لەپێناو دووبارەنەبوونەوەی كارەساتەكان و بەرقەراربوونی ئاشتی و بووژانەوە.
مسعود بارزانی
15ـی 8ـی 2017
Back to top button