سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا: ئەمریكا دژایەتی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان ناكات تەنها دەڵێت كاتەكەی گونجاو نیە

دوای ئەوەی شاندێك لە لیبَژنەی باڵای ریفراندۆم گەیشتە بەغدا, بۆ تاوتوێكردنی پرسی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی كوردستان, لەو باریەشەوە سەركردەیەكی دەوڵەتی یاسا: مانەوەی كوردستان لە چوارچێوەی عێراقدا لە بەرژەوەندیی هیچ لایەكمان نییە

عزەت شابەندەر، سیاسەتمەدار و سەركردەی دەوڵەتی یاسا و نزیك لە نووری مالیكی، كە پێشووتر ئەندامی پەرلەمانی عێراق بووە رایگەیاندووە: ”ئەنجامدانی راپرسی تا دەگاتە راگەیاندنی دەوڵەتیش، مافی شەرعیی گەلی كوردستانە، پێویستە بۆ ئەو بابەتەش ھەرێم، لەگەڵ حكوومەتی ناوەندی ھاوكاری بكات بۆ ئەوەی ئەو بابەتە فەرمیتر بێت بۆ دیاریكردنی چارەنووسی گەلی كوردستان“.
عزەت شابەندەر گوتیشی : ”گەلی كورد زۆر چاوەڕوانیی كردووە بۆ ئەوەی خەونی بەدەوڵەتبوونی بێتە دی، بۆ ئەوەی ئەو خەونەی بێتە دی، دەبێت سەركردەكان بزانن كە ئەگەر كاتی راگەیاندنی ھێنانەدیی ئەو خەونە گونجاو نەبێت، ئەوە بە زیان دەشكێتەوە“
ئەو سەركردەیەی دەوڵەتی یاسا جەخت دەكاتەوە، ئەگەر ئەو پرسە بە شەڕ و جەنگ لەنێوان ھەولێر و بەغدا یەكلایی بێتەوە، ئەوە ھەموو لایەك زیان دەكەن: “مافی چارەی خۆنووسینی كورد و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستان بابەتێكە ھیچ جێگەی موناقەشەكردن نییە، ئەوە مافێكی شەرعییە، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئایا كاتەكەی دروستە یانیش ھەڵەیە، پێمان وایە كاتەكە زۆر گونجاو نییە”.

لەبەرامبەر ئەو پرسیارەی ئەی كەی گونجاوە بۆ ریفراندۆم و راگەیاندنی دەوڵەت، ئەو گوتی: ”دەستنیشانكردنی كاتی گونجاو لای سەركردەكانی كوردە، ئەویش لە رێگەی دیاریكردنی ھەڵوێستی جیھانی، ھەروەھا پێویستە رەچاوی پێداویستییەكان بكرێت لەناوخۆدا، لەوانە موقەوماتی سامان و دارایی و موقەماتی سیاسی و جوگرافی و سنووری، ئەوەش دەكەوێتە سەر روانینی كورد بۆ ئەو ئیمكانییەتانە كە گونجاون یانیش گونجاو نین، ھەروەھا دەبێت سەیری پەیوەندییەكان بكرێت لەگەڵ ناوەند، ئایا ئەو پەیوەندییانە ئاسایین یانیش ئاسایی نین، ئایا گفتوگۆكردن لە دیاریكردنی سنوور بە قەڵەم دەبێت یانیش بە خوێن”.

ئەو پێی وایە، ھەندێك وڵات پشتیوانی لە راپرسی و دەوڵەتی كوردستاندا دەكەن: “ئیماڕات و ئیسڕائیل و ھەندێك وڵاتی تر لەپشت ریفراندۆم و دروستبوونی دەوڵەتی كوردستاندان، ئەمەریكاش تەنیا دەڵێت ئێستا كاتەكەی گونجاو نییە و ھەڵوێستەكەی زۆر روون نییە“.

 

Back to top button