ئەمریكا: NRT درۆ دەكات هیچ پرسێك هاوكاریەكانی ئێمە بۆ پێشمەرگە راناگرێت
دوای ئەوەی دوێنی هەوالێك لە كەناڵی ئێن ئاڕتی بڵاوركرایەوە كە گوایە هاوكاریەسەربازیەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە وەستێنراوە بەهۆی سازدانی ریفراندۆم ئەمرۆِ ئەمینداریەتیی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ئەمریكا و هاوپەیمانان جەختیان لە بەردەوامی هاوكارییەكانیان بۆ پێشمەرگە كردووەتەوە.
ئەمڕۆ فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە لە شاری هەولێر پێشوازی كرد لە تیمی راوێژكارانی ئەمریكا، بەریتانیا و ئەڵمانیا، كە تێیدا باسی چاكسازییەكانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە و پرۆژەی هاوپەیمانان بۆ رێكخستنەوەی وەزارەتەكە كراوە.
بەپێی راگەیێندراوی كۆبوونەوەكەدا، “گفتوگۆ لەبارەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و خاڵە سەرەكییەكان و كارە عەمەلیەكانی تیمەكان بە وردی باسیان لێوەكرا، هەروەك باس لە گرفت و ئاستەنگییەكان كرا و نەخشەی چارەسەركرنیان بۆ داڕێژرا”.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی هەواڵێك، كە باس لە بڕینی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە دەكات، ئەمینداریەتیی گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت “ئێمە لێرەوە ئاگاداری هەموو لایەك دەكەین كە هیچ ناوەندێكی دەسەڵاتی ئەمریكا بە هیچ كەناڵێكی فەرمی و نافەرمی ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەی نەكردووە لەبارەی راگرتنی هاوكارییەكانی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە”.
ئەمینداریەتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت “بۆ سەلماندنی ئەو راستیەش هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ وەزارەتی پێشمەرگە لە بوارەكانی مەشق، ناردنی چەك و تەقەمەنی، پشتیوانی ئاسمانی و بوونی راوێژكارانی هاوپەیمانان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوامە بەبێ هیچ كەموكوڕیەك و ئەو بەشە كۆمەكەی حكومەتی ئەمریكا كە بڕی 415 ملیۆن دۆلارە و مووچەی بەشێك لە هێزەكانی پێشمەرگە و سووتەمەنی بەشێك لەو هێزانەی لە شەڕدان پێی دابیندەكرێت، تاوەكو ئەم ساتەش بەردەوامە”.
لە كۆبوونەوەكەدا ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژكارانی هاوپەیمانان جەختیانكردەوە كە “هاوكاری و هەماهەنگیەكانیان لەگەل وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت بەتایبەت لە پرۆژەی ریفۆرمی وەزارەتی پێشمەرگە كە ناسراوە بە (پێشمەرگە لە ئایندەدا)”.