هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: ڕیفراندۆمی كوردستان كاریگەری بۆ سەر جەنگی دژ بە داعش نابێت
لەگەڵ ئەوەی چەندین جار سەركردایەتی سیاسی كوردستان دڵنیایی ئەوەیان داوەتە ئەمریكاو كۆمەڵگای نێو دەوڵەتی كە ریفراندۆمی كوردستان كاریگەری لەسەر شەڕی داعش نابێت, وتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی رایدەگەیەنێت ریفراندۆمی كوردستان كە لە 25 ئەیلوول ئەنجام دەدرێت، هیچ كاریگەرییەكی بۆ سەر شەڕی تیرۆر و داعش نابێت. جەختیش دەكرێتەوە، كە لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە، هاوشێوەی جاران بەردەوام دەبن.
هەرچەندە پێشتر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، ڕای گەیاندبوو، كە تەنها ترسی ئەوەیان لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم هەیە، كاریگەری بخاتە سەر شەڕی دژ بە داعش، بەڵام (ڕەیان دیلۆن) گوتەبێژی هاوپەیمانی نێوەدەوڵەتی، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی تەلەفزیۆنیی داخراودا كە لە بەغداوە قسەی دەكرد، گوتی: “هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بەهەمان شێوەی جاران لەكاركردنی لەگەڵ پێشمەرگە، بەردەوام دەبێت”.
لەكاتی پێكهێنانیینەوە پێش نزیك سێ ساڵ، هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی بەدرێژایی جەنگی دژ بەداعش پشتیوانیی لە هێزەكانی پێشمەرگە كردووە و بەڵێنیش دەدات بەردەوام بێت.
كاتێكیش پرسیار لە گوتەبێژەكە كرا، كە ئایا ڕیفراندۆمی كوردستان كاریگەری لەسەر ئۆپەراسیۆنەكانی ئێستا و داهاتوو دهبێت، گوتی: “مەشقكردن و ئامادەكردنی هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامە”.
لە ساڵی 2014ەوە، هاوپەیمانی نێودەوڵەتی مەشقی بە زیاتر لە 20 هەزار پێشمەرگە كردووە، وەك گوتەبێژەكە ئاشكرای كرد.
لێدوانەكەی (ڕەیان دیلۆن)، لەشێوەی وەلامدانەوەی (هیزر نوێرت) گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەیە كە ڕای گەیاندبوو، ڕیفراندۆمی كوردستان كاریگەری بۆ سەر جەنگی دژ بەداعش دەبێت.
بەڵام هەرێمی كوردستان، جەخت دەكاتەوە، لەوەی ڕیفراندۆمی كوردستان، بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆر پتەتر دەكاتەوە و هەروەها پەیوەندی نێوان هاوپەیمانان بەتایبەتی بەغدا و واشنتۆن، بەهێزتر دەبێت.
لەئێستاشدا شاندێكی باڵای ڕیفراندۆم لە بەغدایە بۆ گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و دڵنەواییكردنیان كە سەربەخۆیی، لە بەرژەوەندی عێراقیشدا دەبێت و لە داهاتوودا، هەردوولا وەكو دوو دەوڵەتی دراوسێی باش دەبن.