بەرپرسێكی یەكگرتوو: تاكە داواكاری ئێمە بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە ئەولەویەت بۆ ریفراندۆم بێت

 

پرسی كاراكردنەوەی پەرلەمان لە ئێستادا زۆرترین قسەوباسی لەبارەوە دەكرێت, كە بۆ ئەم مەبەستە هەولێك لە ئاراداهەیە, بەرپرسێكی یەكگرتووی ئیسلامی دەڵێت، كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان داواكاریی ئێمەشە، بەڵام ئەولەویەت بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە.
سامی ئەتروشی یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەكگرتووی ئیسلامی بە سایتی رەسمی پارتی راگەیاندووە،
ناكۆكی لایەنە سیاسییەكان چووەتە نێو جەماوەری هەرێمی كوردستان، لەبری ئەوەی كار بۆ سەرخستن و یەكگرتنی چوارپارچەی كوردستان بكەین، خەریكە كوردستانی باشووریش جیا دەكرێتەوە، واتە جیاوازیێك لەنێوان هاووڵاتیاندا دروستبووە، هەر كەسێك لە دەڤەری سلێمانی قسە بكات لەسەر لایەنێك هەژمار دەكرێت و لەهەولێریش لەسەر لایەنێكی دیكە، بەڵام ڕاستییەكەی ئەوەیە هەموو لایەنە سیاسییەكان لەم قۆناغەدا یەكبگرن و پێكەوە كار بكەین بۆ دەربازكردنی قۆناغەكە.
ئەتروشی وتیشی، یەكگرتووی ئیسلامی بە باوەڕە چووتە نێو پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمەوە، لەبەر خاتری هیچ لایەنێك نەچووینەتە بەرەی ریفڕاندۆمەوە، بەڵكۆ ئەوە بڕیاری یەكگرتووە. لە نێو یەكگرتووی ئیسلامیدا هیچ كەسێكمان تێدا نییە بە (نەخێر) دەنگ بۆ ریفڕاندۆم بدات.
ئاماژەشی كردووە، لەگەڵ ئەوەداین یەكڕیزی ڕابگرین و تا دواساتیش هەوڵدەدەین گۆڕان و كۆمەڵیش بەشدار بن لە ریفڕاندۆمدا، هەرچەندە كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان داواكاریی ئێمەشە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەولەویەت هەر بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و سەربەخۆیی كوردستانە.

Back to top button