ناكۆیەكانی نێوان عەبادی و مالیكی قولتر دەبێتەوە
رۆژنامەی شەرقولئەوسەتی لەندەنی لە سەرچاوەیەكەوە كە ناوی نەهێناوە رایگەیاندووە “لە ناو هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوەدا كە هەر یەكە لە حەیدەر عەبادی سەرۆكوەزیرانی ئێستا و نووری مالكی تێدایە، چاوەڕوانییەك هەست پێدەكرێت تا لە دەرەوەی حزبی دەعوە هاوكارێك بدۆزنەوە بۆ ئەوەی لەو ئاستەنگە دەربازبن كە لە بەردەم درووستكردنی كوتلەكەیاندایە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو. چونكە كەسیان رازینابن ئەوی دیكەیان سەرۆكی لیستەكە بێت”.
بە گوێرەی سەرچاوەی رۆژنامەكە “مالكی لە هەوڵدایە سەركردایەتی هاوپەیمانێتییەكی فراوان بكات و ئەركی ئەوەیە سەرۆكوەزیرانێكی نوێ ئامادە بكات كە خۆی كۆنترۆڵی بەسەریدا هەبێت. بۆیە نیازی وایە هەر یەكە لە محەمەد شەیاع سودانی وەزیری كاری ئێستا و سەركردەی پێشووی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی “عادل عەبدولمەهدی” بێنێتە پێشەوە”.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی نزیك لە دەوڵەتی یاسا گواستوویەتییەوە و نووسیوویەتی “پێدەچێت بێلایەنەكان لە دەوڵەتی یاسا بچنە دەرەوە، چونكە حسێن شەهرستانی كە سەركردایەتی دەكردن، لە دەوڵەتی یاسا ناڕازییە، بەهۆی ئەوەی كاتێك لە مانگی تەمووزی 2016 دا پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵای لە دەستدا، ئەندامەكانی دەوڵەتی یاسا بەرگرییان لێنەكردووە”.
سەرچاوەیەك لە رەوتی سەدر بۆ رۆژنامەكەی تەئكیدكردووەتەوە كە “موقتەدا سەدری رێبەری رەوتی سەدر دەخوازێت بچێتە ناو لیستیكەوە كە تائیفیەتی تێپەڕاندبێ و لە چەند بۆنەیەكدا رایگەیاندووە كە لاری نییە لە درووستكردنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ ئەیاد عەلاوی و رەوتی حیكمەی عەمار حەكیم دا پێكبهێنێت”.
سەرچاوەكە بە رۆژنامەكەی گوتووە “بێ بەرگرتن بە هەژموونی مالكی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، هیچ رێگایەكی دیكە بۆ چاككردنی بارودۆخەكە نامێنێتەوە. ئەوەش كاتێك روودەدات، كە هاپەیمانێتییەكی نوێ بۆ هەڵبژاردن پێكبهێنرێت، چونكە چانسی مالكی لەم هەڵبژاردنەدا وەك هەڵبژاردنەكانی پێشوو نییە، بە تایبەتی پاش ئەوەی پۆستی سەرۆكوەزیرانی لە دەستداوە”.