پارتی: كه پێشمەرگە هەيه هێز نیە بتوانێ ئاڵای كوردستان لە كەركووك دابگرێ
دوای ئەوەی دادگای كار گێری بەغدا بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستانی لە كەركووك هەڵوەشاندەوە, ئەم بڕیارەی دادگای كارگێری بەغدا ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا, بەرپرسێكی پارتیش لەكەركووك دەلێت: تا هێزی پێشمەرگە هەبێت هیچ هێزێكی دیكە ناتوانێت ئاڵای كوردستان لە كەركووك دابگرێ
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی 3ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك ڕاگەیاندووە: “ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو، ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاری دادگای ئیداری عێراق تاوتوێ دەكات، زۆر دڵنیاشم ئەو بڕیاری داگرتنی ئاڵا ڕەت دەكاتەوە”.
دەشڵێ: “هەرچەندە بڕیارەكە لەلایەن دادگای ئیداریی عێراقەوە دراوە، بەڵام دەستێكی سیاسی قورسی لە پشتەوەیە، هەر بۆیە دڵنیایی دەدەم كە پابەندی ئەو بڕیارە نابین، چونكە ڕابردوو ئەوەی بۆ سەلماندووین هەر كاتێك عێراق باڵا دەست بووبێت بەسەر كەركووكدا ئەوا مافی كوردی پێشێل كردووە”.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە تا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەبێت، هیچ هێزێكی دیكە ناتوانێت ئاڵای كوردستان لە كەركووك دابگرێت چونكە ئەوەی كەركووك و ئاڵای پاراستووە تەنیا پێشمەرگە بووە.
لەلایەن خۆشیەوە ڕێبوار تاڵەبانی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك ئەمرۆ پێنجشەممە(17-8-2017) لە پرێس كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بڕیاری دادگای كارگێری بەغدای تایبەت بە هێنانە خوارەوەی ئاڵای كوردستان لەسەر باڵەخانەی دام و دەزگا فەرمییەكانی كەركووك گوتی: “ئەم بریارە كاری دادگای ئیداریی نییە و بڕیارەكە لەژێر كاریگەری چەند كەس و پەرلەمانتارێكی شۆڤێنی و تائیفی خواز دراوە لە دژی بڕیارێكی قارەمانانەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك”.
لە ڕۆژی 28/3/2017 ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانی لەسەر باڵەخانەی سەرجەم دامودەزگاكانی شارەكەی پەسەند كرد.