گۆڕان: ئێستا پارێزگای سلێمانی بێ پارێزگاره‌

خواكوڕك

دوای دڵنیابوونی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ مه‌به‌ستی دواخستنی راده‌ستكردنه‌وه‌ی پۆستی پارێزگاری سلێمانی له‌لایه‌ن یه‌كێتیه‌وه‌، ئێستا ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌ له‌ هه‌وڵی پێداچوونه‌وه‌یه‌ به‌و رێكه‌وتنه‌ی كه‌پێشتر له‌گه‌ڵ ئه‌و حزبه‌ ئیمزای كردبوو.

ئه‌ندامێكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ده‌ڵێت: “ده‌بێت بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان تاوەکو رۆژی پێنجشه‌مه ‌25-8-2016 داوای جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێكکه‌وتنه ‌بكات، ئه‌گه‌ر نا ده‌بێت هه‌ڵوێستێكی جددی هه‌بێت، چونكه‌ ئه‌و كات ئێمه‌ ده‌بێت كار له‌گه‌ڵ پارێزگارێكی ناشه‌رعی بكه‌ین”.

غالب محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی – گۆڕان، به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌: “بەپێی ئەو رێککەوتنەی کە لەنێوان ئێمە و یەکێتی نیشتمانی کوردستاندایە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئێستا من پارێزگای سلێمانی بێ پارێزگار دەزانم و ئاسۆ فەرەیدوون پارێزگارێکی ناشەرعییە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنه‌ گوتیشی “به‌پێی رێككه‌وتنی نێوان گۆڕان و یه‌كێتی بۆ پێكهێنانی حكومه‌ته‌ خۆجێیه‌كان لە رۆژی ‌12 -9-2014، ده‌بوایه‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 21-8-2016، ئاڵوگۆڕی پۆسته‌كانی پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له‌ سلێمانی بكرێت، بەڵام ئەوە دواخراوە، بۆیە من بە کارێکی باشی نازانم و بەهەموو شێوەیەک دژی دەوەستمەوە”.

زۆرێك له‌ناوه‌نده‌ سیاسیه‌كانی سلێمانی پێیانوایه‌ مه‌سه‌له‌ی ئالوگۆڕی پارێزگاری سلێمانی له‌ ئێستادا زیاتر ره‌هه‌ندێكی سیاسی هه‌یه‌ نه‌ك یاسایی. به‌ڕای چاودێرانی سیاسیه‌وه‌ یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان جددی نیه‌ له‌ راده‌ستكردنه‌وه‌ی ئه‌و پۆسته‌ به‌ گۆڕان.

Back to top button