حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان ئیدانەی هێرشەکانی بارسێلۆنا دەکات

لە پەیامێکدا کە رۆژی هەینی 18-8-2017 بڵاوکرایەوە ، حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت: “به‌ره‌ى دژه‌تیرۆرى جیهانى پێویستى به‌ ته‌كانێكى به‌هێزتر، كارى هاوبه‌ش، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى فراوانترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت رێگرى له‌و تاوانانه‌ بكرێت”.

دەقی پەیامەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان

به‌ توندى ئه‌و هێرشه‌ تیرۆرستیانه‌ سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌ین كه‌ دوێنێ ئێواره‌ و شه‌وى ڕابردوو له‌ بارسه‌لۆنا و شارۆچكه‌ى ئه‌لكانار له‌ كه‌ته‌لۆنیاى ئیسپانیا كرانه‌ خه‌ڵكى سڤیل و به‌هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ هاووڵاتیان و گه‌شتیارانى وڵاتان گیانیان له‌ ده‌ست دا و بریندار بوون.

ئێمه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئه‌زموونى تاڵمان له‌گه‌ڵ تیرۆردا هه‌یه،‌ باشتر له‌ ئێش و ئازارى ئه‌و هێرشانه‌ تێده‌گه‌ین و هاوسۆز و هاوخه‌م و پشتیوانى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا به‌ گشتین و پرسه‌ سه‌ره‌خۆشیى خۆمان پێشكه‌ش به‌ كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا ده‌كه‌ین.

تا دێت له‌ ئه‌نجامى دووباره‌بوونه‌وه‌ى هێرشه‌ تیرۆرستییه‌كان و فراوانبوونى ڕووبه‌رى چالاكییه‌كانیان له‌ وڵاتانى جیهانن، ئه‌و ڕاستییه‌ خۆى دووپات ده‌كاته‌وه‌ كه‌ به‌ره‌ى دژه‌تیرۆرى جیهانى پێویستى به‌ ته‌كانێكى به‌هێزتر، كارى هاوبه‌ش، هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌كى فراوانترى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تییه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانرێت ڕێگرى له‌و تاوانانه‌ بكرێت و ئه‌و بیره‌ تاریكه‌ى‌ تیرۆرستان ده‌یانه‌وێت بیسه‌پێنن، ته‌فروتووتا بكرێت.

هاوخه‌مى و پشتیوانیمان بۆ كه‌سوكارى قوربانیان و گه‌ل و حكوومه‌تى كه‌ته‌لۆنیا و ئیسپانیا دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌، هیوادارین ئه‌و تاوانه‌ ڕه‌شانه‌ له‌ هیچ شوێنێك دووباره‌ نه‌بنه‌وه‌.

حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان
18/8/2017

Back to top button