ترەمپ گەورە راوێژکارێکی کۆشکی سپی دوورخستەوە



دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ستیڤ بانۆنی، گەورە راوێژکار و ستراتیژیستی کۆشکی سپی لە کارەکەی دوورخستەوە.

بانۆن یەکێک بوو لە یاریدەدەرە باڵاکانی کۆشکی سپی کە لە سەرخستنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکاندا رۆڵێکی گەورەی بینی.

ناوبراو بیرۆکەی پۆپیۆلیستی نەتەوەگەرانەی هەیە و دانانی بە گەورە راوێژکار بووە هۆی ئەوەی رەخنەی زۆر ئاراستەی ترەمپ بکرێت.

بانۆن بە یەکێک لەو کەسانە دادنرێت کە کاریگەریی زۆری لە سەر بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، لەنێویشیاندا بڕیاری قەدەخەی کۆچکردن بۆ ئەمریکا و هەڵوەشانەوەی رێککەوتنە بازرگانییەکان هەبووە.

پێشتر لە مانگی 4 ی ئەمساڵدا ستیف بانۆن لەلایەن ترەمپ لە ئەندامێتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا دوورخرایەوە و پۆستی گەورە راوێژکاری پێدار، ئێستاش روون نییە بانۆن لەدەرەوەی کۆشکی سپی لە ئیدارەی ترەمپدا دەمێنێتەوە یاخود بەیەکجاری ماڵئاوایی دەکات.

Back to top button