مەلا بەختیار : كاتێك بارزانی نەمر شۆڕش و خەباتی كرد ، كاتێك “قازی محەمەد ” كۆماری مهابادی ڕاگەیاند ، هیچمان نەبوو ، ئێستا لەم هەموو پێشكەوتنە بۆ دەبێت داوای دەوڵەت نەكەین ؟
“مەلا بەختیار ” لێپرسراوی دەستەی كارگێری بە هاورێیەتی ” جەمیل هەورامی ” و ” ئەحمەد قەدەفەری ” لە گوندی گرێزەو ریشێن لە نزیك سەید سادق ، باسی بارودۆخی ئێستای كوردستانی كرد و ڕایگەیاند ” بڕیاری ڕیفراندۆم سەرەتایی گۆڕینی بڕیارو عەقڵیەت و دەسەڵاتی حزبەكان و دەوڵەتەكانە ، سەرەتایی گۆڕینی هاوكێشەكان و بڕیارە سیاسییەكانە كە ئێستا حسابی زیاتر بۆ كورد دەكەن “.
سەبارەت بە هەڵویستی ولاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی ڕاشیگەیاند ” ڕیفراندۆم بڕیاری چارەنووسی میلەتەكەمانەو یان ڕیفراندۆم دەكەین و پشتیوانی نێودەوڵەتی بۆ دابین دەكەین و دەوڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنین ، یان دەبێت نەتەوە یەكگرتووەكان ، ولاتە گەورەكان و هەرێمایەتی ، گرەنتیمان بدەنێ كە تەواوی كێشەكانمان چارەسەر دەكەن و ڕیفراندۆمیش تنها بۆ ماوەیەكی كورت دوا بخرێت “.
هەروەها ” مەلا بەختیار ” لێپراسراوی دەستەی كارگێری مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتیشی ” كاتێك بارزانی نەمر شۆڕش و خەباتی كرد ، دوو گوندی ئاوەدان نەبوو ، كاتێك شێخ مەحمودی نەمر داوای دەوڵەتی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان دەكرد، دوو تراكتۆر لە كوردستان نەبوو ، كاتێك قازی محەمەد كۆماری مهابادی ڕاگەیاند یەك كارخانە لە مهاباد نەبوو ، كەواتە ئێستا لەم هەموو پێشكەوتنەی كوردستان بۆ دەبێت ئێمە داوای دەوڵەت بۆخۆمان نەكەین ؟