حەشدی شەعبی لە نزیك كەركوك سەربازگەیەكی دامەزراندوە
لەگەڵ جموجۆلە نایاساییەكانی حەشدی شەعبی لە ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە ئێستادا رۆژنامەیەكی عەرەبی ئاشكرای دەكات، لە ناوچەیەكی نزیك شاری كەركوك حەشدی شەعبی سەربازگەیەكی دامەزراندوەو راهێنان و مەشق بە منداڵان دەكات.
رۆژنامەی (العربی الجدید) بڵاویكردۆتەوە، هێزەكانی حەشدی شەعبی سەربازگەیەكیان لە نزیك گوندی بەشیر لە باشووری شاری كەركوك دامەزراندوەو خەریكی راهێنانی منداڵانن لەسەر بیرو باوەڕی توندڕەوی و لەسەر بەكارهێنانی چەكیش مەشقیان پێدەكرێت.
رۆژنامەكە لە زاری سەرچاوەیەكی ناو پارێزگای كەركوكەوە دەڵێت، ئەو خولانەی لەو سەربازگەیە دەكرێنەوە بەردەوامن، خولی ئێستا 210 منداڵی لە خۆگرتوە كە هەمویان تەمەنیان لە نۆ ساڵ دەستپێدەكات بۆ 18 ساڵ.
ئاشكراشیكردوە، وانەكانی ئەو خولانەی ئەو سەربازگەیەی حەشدی شەعبی بریتین لەبەكارهێنانی چەكی جۆراوجۆر، ئەنجامدانی تیرۆر كردن، شەڕی كۆڵان بەكۆڵان و لەلایەن چەند راهێنەرێكی حەشدی شەعبییەوە دەوترێنەوە.