سەركوتكاریەكانی ئێران بەردەوامە لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان, ماوەی ٢١ ڕۆژە چەند زیندانیەك مانیان لە خواردن گرتووە
ژمارەیەك زیندانی سیاسی لە زیندانی ‘ڕەجایی-شار’ی شاری كەرەج بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ئەشكەنجەكانی بەڕێوەبەرانی زیندانەكە و هەروەها گوازرانەوەیان بۆ هۆڵێكی دیكە، ٢١ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە.
ئاژانسی ڕۆژنیوز بڵاویكردەوە “١٤ زیندانی سیاسیی زیندانی ڕەجایی-شاری شاری كەرەج، كە لوقمان مورادی و زانیار مورادی، زیندانیانی سیاسیی كوردی سزادراو بە سێدارە، سەعید شێرزاد، زیندانیی چەپ و ڕەزا شەهابی چالاكوانی كرێكاریش لەناویاندان، ماوەی ٢١ ڕۆژە مانیان لە خواردن گرتووە، چونكە بەڕێوەبرانی زیندانەكە لە هۆڵی ١٢وە گواستوویاننەوە بۆ هۆڵی ١٠ كە كامێرای چاودێری تێدا دانراوە”.
ئاژانسەكە ئاماژەی بەوەشداوە “هۆڵی ژمارە ١٠ هۆڵی زیندانیانی سوننە بووە، كە لە چەند ساڵی ڕابردوودا هەموویان لە سێدارەدراون، ئێستاش بۆ ئازار و ئەشكەنجەدانی زیندانیانی سیاسی، ئەو زیندانیانەیان گواستووەتەوە بۆ ئەو هۆڵە”.
ئۆرگانی هەواڵی چالاكوانانی مافی مرۆڤی ئێران- هرانا ڕایگەیاندووە، كە پاش بەتاڵبوونی هۆڵی ژمارە ١٠ بەهۆی لە سێدارەدانی هەموو بەندكراوە سوننەكانی، بەڕێوەبەرانی زیندانەكە ئەو هۆڵەیان نۆژەنكردووەتەوەو لە هەموو شوێنەكانی ئەو هۆڵەدا تەنانەت لەناو توالێتەكانیشدا كامێرای چاودێریان داناوەو ٥٣ زیندانی سیاسییان گواستووەتەوە بۆ ناو ئەو هۆڵە.
١٤ زیندانی سیاسی بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەم بێ مافییە، مانیان لە خواردن گرتووەو ئەمڕۆ لە ٢١-ەمین ڕۆژی مانگرتنەكەیان دان.