ئاژانسێكی هەواڵی ئێرانی: سەرباری رێگرییەكان ریفراندۆم هەر ئەنجام دەدرێ
لەگەڵ نزیك بوونەوەی وادەی سازدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی باشوری كوردستان تا دێت, ئاژانسە هەوالیەكانی جیهان لە بارەی ئەم پرۆسەیە لە كوردستان راپۆرت و شیكردنەوە بڵاو دەكەنەوە, لە دواهەمین راپۆرتیی دا ئاژانسی هەواڵی فارس ی ئێرانی نوسیویەتی سەرباری رێگریەكان ریفراندۆمی كوردستان ئەنجامدەدرێت.
ئاژانسی هەواڵی فارسی ئێرانی لە راپۆرتێكیدا ناوەڕۆكی سەردانەكەی محەمەد باقری سەرۆك ئەركانی سوپای ئەو وڵاتەی بۆ ئەنقەرەی پایتەختی توركیا بڵاوكردەوە و نووسیویەتی كە سەرەڕای رێگرییەكان، ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان هەر ئەنجام دەدرێت.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوە دراوە كە سەردانەكەی سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران بۆ توركیا بۆ رێگریكردن بووە لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق.
بەپێی ئاژانسەكە، پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، لەسەر ئاستی سەربازی و سیاسی لە نێوان سەرۆك ئەركانی سوپای ئێران و هاوتا توركەكەی و گەورە بەرپرسانی تری ئەمنی و سیاسیی توركیا گفتوگۆ كراوە، بێ ئەوەی بتوانن بگەنە ئەنجامێك.
هاوكات ئاژانسەكە نووسیویەتی سەرەڕای دژایەتی وڵاتانی ناوچەكە بۆ ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناڕەزایی حكومەتی عێراق، بەڵام پرسەكە لەسەر رێرەوی خۆی دەڕوات و لە وادەی دیاریكراوی خۆیدا كە 25ی مانگی ئەیلولی داهاتووە بەرێوەدەچێت.