پارتی بۆ مەلا بەختیار ئەو زانیاریانەت هیچ بنەمایەكی نیە

خواكوڕك

پارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی مەلا بەختیار دەداتەوە، و رایدەگەێنێت ئەو زانیاریانەی مەلا بەختیار بڵاوی كردۆتەوە لەسەر سەربەخۆی كوردستان، گوایە 28 وڵات دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستان بن و بەڵگەنامەیان رادەستی پارتی و یەکێتی کردبێت، وەک مەلا بەختیار رایگەیاندبوو دوورە لە راستیەوە.

مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی پێشتر رایگەیاندبوو، 28 وڵاتی رۆژئاوا بەڵگەنامەیەکیان رادەستی پارتی و یەکێتی کردووە، کە دژی سەربەخۆیی باشووری کوردستانن و لەگەڵ یەکپارچەی عێراقدان.

لەبەرامبەردا د.کەمال کەرکووکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاندووە، وەك پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی زانیاریەكانی مەلا بەختیار رەتدەكەینەوه‌، ئەو زانیاریانە هیچ بنەمایەكی نیە. دەڵێت بە پێچەوانەوە هیچ وڵاتێكی رۆژئاوا و وڵاتانی دیكەی زۆر شوێنی جیهانیش بەئاشكرا دژی سەربەخۆی كوردستان نین.

هەروەها د.کەمال کەرکووکی ئەوەشی بە كەناڵی رووداو راگەیاندووە، زۆر وڵاتیش هەڵوێستی بەرامبەر ئەو مافە رەوایەی گەلەکەمان پۆزەتیفە و لەکاتی خۆیدا ئاشکرا دەبێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی كە هاوكات بەرپرسی پەیوەندیەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیشە دەلێت، هیچ دوڵەتێك ناتوانێت دژی مافی بریاردانی گەلی كوردستان بێت، لە یاسای نێودەوڵەتی و بڕگەی دوو لە مادەی یەکی مەبادیئی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ئاماژە بە مافی رەوای هەر گەلێك کراوە، کە مافییەتی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆی بدات، وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دانیان بەو بنەمایانەدا ناوە و پابەندی یاسایی نێودەوڵەتین.

هەروەها كەركووكی ئەوەش دەلێت، هەر لە مەبادئی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هاتووە هەر گەلێك سەربەخۆیی خۆی رابگەیێنێت وڵاتەکەی پێشوو کە لێی جودا دەبێتەوە، یان هەر وڵاتێکی دیکە هێرشی بکاتە سەر، بە دەستدرێژی دادەنرێت. بۆیە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرکێتی رێگا بەو دەستدرێژیە نەدات و هاوکاری و پشتیوانی وڵاتی تازە دروستبوو بکات، کە گەلەکەی بڕیاری سەربەخۆیی بۆ داوە تاوەکو لەسەر پێی خۆی بووەستێت. هەروەها دەشلێت “خراپی باری ئابووری و پاشکەوتن لە بواری زانستی نابنە هۆی ئەوەی هیچ گەلێك مافی بڕیاردانی نەبێت بۆ ئەوەی بەسەربەخۆیی بژیت. چونکە مافی بڕیاردانی گەلان لە چارەنووسییان دەبێتە بنەمای سەقامگیری و بەرپابوونی ئاشتی”.

Back to top button