مه‌لا به‌ختیار : چاوه‌رێی موژده‌ی خۆش بن له‌ كۆبونه‌وه‌ی پارتی و گۆڕان 

له‌میانی به‌شداری كردنی كۆنگره‌ی پێكه‌وه‌ ژیانی مێژوویی بۆ عه‌ره‌به‌ نیشته‌جێبووه‌كانی ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان، مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێری مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان، رایگه‌یاند،چاوەڕوانی موژدەی خۆش لە کۆبوونەوەکەی نێوان پارتی و گۆڕان دەکەن هه‌روه‌ها گوتیشی”کۆبوونەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان کۆبوونەوەیەکی چاواڕوان کراوە، بێگومان ئەو کۆبوونەوەیە دەبێتە ھۆکارێکی گرنگ بۆ لێک تێگەیشتی نێوان ئەو دوو لایەنە سیاسییە و ھەموومان چاوەڕوانی موژدەی خۆش لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی نێوان پارتی و گۆڕان دەکەین“.

مه‌لا به‌ختیار له‌ پرێس كۆنفراسێكی دا راشی گه‌یاند” یه‌كێتی ڕۆڵی لە پرسی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستاندا هەبووە، بەڵام ”ئێستا لە سەر داوای یەکێتی، کاراکردنەوەی پەرلەمان دواخراوە، بۆ ئەوەی ھەریەک لە بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بێنە پێشەوە، ھەروەھا کارا نەکردنەوەی پەرلەمان لەبەر ئەوە نەبووە کە ئێمە نەمانتوانیبێت کارای بکەینەوە، بەڵکوو بۆ هاتنە پێشەوەی زیاتری گۆڕان و کۆمەڵ بووە”.

هه‌روه‌ها مه‌لا به‌ختیار جەختیشی لەوە کردەوە کە کۆبوونەوەکەی سبەی دووشەممە 21/8/2017ی نێوان گۆڕان و پارتی، ”کۆبوونەوەیەکی گرنگە“، چونکە ئەو دوو لایەنە حزبی بەهێزن و گوتی: ”ئێمە تەمەنای ئەوە دەکەین کە بە موژدەی خۆشەوە لە کۆبوونەوە دوو قۆڵییەکەی نێوانیان بێنە دەرەوە، ھەرچەندە پێمان وایە کێشەی زۆر ماوە چارەسەری بکەین، بەتایبەتی کێشەی ئابووری، هەروەها کێشەی سیاسیمان ھەیە و دەبێت ھەبوو ئەمانە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت“.

Back to top button