ڕیفراندۆم بڕیارێكی لۆژیكی و عەقڵانی یە
دانا مەنمی
حكومەتی ئەمریكا لە رێگەی وەزیری دەرەوەی وڵاتەكەی بە شێوەیەكی فەرمی بە زمانێكی ( دیپلۆماسی ) داوایان لە سەرۆك بارزانی كرد كە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم داوابخات ، لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی وەڵامێكی عەقڵانی و لۆژیكی پرسیارێكی لە ناو كرۆكی وەڵامەكەیدا بە وەزیری دەرەوەی ئەمریكادا ناردەوە بۆ كاربەدەستان و ناوەندی بڕیاری كۆشكی سپی ، سەرۆك بارزانی لە وەڵامدا گووتی ” ڕیفراندۆم بڕیاری گەلی كوردستانە ، ئێستا كاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نییە ، ئەی چ كاتێك گونجاوە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ، بەدیل و ئەلتەرناتیڤ چییە بۆ ڕیفراندۆم ؟
ئیشكالی سەرەكی رۆشنبیرانی جوڵانەوەی نەخێر و ئەوانەیشی كە سیبەرو ئارایشی ئەو تەوەجوهە دەكەن ، تێنەگەیشتنە لە زمانی (دیپلۆماسی ) ، ئاخر گەلۆ ئەمریكیەكان دەوڵەتیان بۆ ئیسرائیلیش نەخستووەتە سەر سینی زێر و پێشكەشی بكەن تا بۆ ئێمە بیكەن ، نەئەمریكا و نە ئەوروپا و نە وڵاتانی كەنداوی عەرەبیش نە پاڵپشتی ریفراندۆم و سەربەخۆی كوردستانن ، نە دژایەتیشی دەكەن ، بەڵكو زمانی ( دیپلۆماسی ) ئەمریكاو ئەوروپا و وڵاتانی كەنداویش دواخستنی ڕیفراندۆمە بۆ كاتێكی گونجاو بە دیدی ئەوان !
لە دیدی ئەمریكیەكان و ئەوروپی و وڵاتانی كەنداوەوە هۆكاری لەبار نەبوونی كاتی گونجا لە ئێستادا ، دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندییەكانیان لە دوای ڕیشەكێشكردنی داعش لە عێراق و هەڵبژاردنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە ساڵی نوێدا ، چونكە ترسی بەرەی ئەمریكاو هاوپەیمانەكانی لە هەژموونی ئێرانیزمە كە جاریكی تر لە ڕێگەی هەڵبژاردنەكانەوە نوری مالیكی بهێننەوە سەر كورسی حوكمرانیەتی و جڵەوی عیراقی بدرێتەوە دەست، لەكاتێكدا مالیكی بەرپرسیاری سەرەكییە لە هەڵاوسانی ئابوری و هاتنی داعش و تێكچوون و لێكترازانی نێوان پێكاتەكان و لایەنە سیاسیەكان و نەمانی تەوافوقی سیاسی و تەنانەت لێكترازانی نێوماڵی شیعیش لە نێ,ان حەكیم و سەدرو سیستانی ، هەربۆیە مانەوەی كورد لە چوارچێوەی عێراق دا بۆ گەمەیەكی تری سیاسی هەرێمی و نێودەولەتی یە بەئامانجی شكست پێهینانی هەژموونی ئیرانیزم و جوڵەكانی نوری مالیكی و حزبی دەعوەو حەشدی شەعبی لەسەر حسابی كورد .
ترسی كورد لە دوای ڕیشەكێشكردن و بنەبڕكردنی داعش لە عێراق دوبارە سەرهەڵدانەوەی تیرۆرو ترس و تۆقاندنە كە لە ئێستادا میلیشیا شیعەكان و بەتایبەت حەشدی شەعبی تراژیدیایەكی تری خوێنڕێژی و مرۆڤكوژی هاوشیوەی داعشی لێ چاوەڕوان دەكرێت ، سەرباری ئەوەی كورد لە ساڵی 2014 وە موچەو بودجەی بە بڕیارێكی سیاسی لێ بڕاوە و دەستوری عێراقیش زیاتر لە (55) مادەی غەرقی یاسایی كراوە ، پرەنسیپی شەراكەتیش پێشیل كراوە ، هەموو ئەمانە تەداعیاتی خراپی لە ژینگەو ڕەوشی دەرونی و سایكۆلۆژی خەڵكی كوردستان و سەكردایەتی سیاسی كورد دروست كردووە و پاڵنەرێكی سەرەكییە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆی كوردستان و جیابونەوە لە عێراقی عەبەسیەت و عروبیەت .
تێگەیشتن لە بڕیاری حەكیمانەی سەرۆك بارزانی بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و هەنگاونان بۆ سەربەخۆی كوردستان لیرەدایە ، سەرۆك بارزانی دەیەوێت لەلایەك دۆزی كورد و ئەزمونەكەی بپارێزێت لەو گەمە سیاسییەی كە ئەمریكاو ئەوروپا و بەشێك لە ولاتانی ناوچەكە بەنیازن كورد بكەنە كارتێك بۆ مانەوە لە ناو عیراقی میلیشیات بۆ گەیشتن بە بەرژەوەندەییەكانیان ، لەلایەكی تر پاراستنی كوردە لە شەڕو لە جەنگی خوێناوی هەزاران ساڵەی عێراق كە لەسەردەمی مەمالیكەوە بیگرە بۆ جەنگی چاڵدیران و شەڕی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و سەفەوی و پاشانیش دابەشبوونی كورد لە دوای سایكس بیكۆوە تا روخانی قۆناغی مەلەكیەت و حوكمرانیەتی عبدلكریم قاسم و عبدالسلام و عبدالرحمن عارف و كودەتای بەعسیەكان ، ئینجا عێراقی دوای روخانی بەعسیزم لە ساڵی 2003 پاشماوەی ئەم عەقڵە شۆڤێنییە شمولی یە تاكڕەوی یە ڕەگەزپەرستی پان عەرەبییە ئامادەگی هەیە و ئیستاش كوردیان پێ نەتەوەی دووەم و كەمینەیە نەك شەریكی ڕاستەقینە لە حوكمرانیەتی عێراق دا .
پاڵنەری سەرەكی شۆرش و ڕاپەرینەكانی بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی كورد بۆ سەربەخۆی كوردستان بە تەواوی ئەو ناوچانەی كە سیماو بەشێكن لە خاكی كوردستان بووە ، خۆئەگەر نا لە زۆر وێستگەدا شۆرش و ڕاپەرینەكان دەستكەوتی گەورەیان بەدەست هێناوەو دوژمنانیان بە چۆكدا داوە ، هەربە نمونە شۆرش و ڕاپەرینەكانی شێخ مەحمودی حەفید لە ناوچەكانی سلێمانی و شارباژێرو شارەزور ، ڕاپەرینەكان و شۆرشی بارزان لە ساڵانی 1931 و 1944 وئاوارەی بارزانیەكان و دەربەدەری و ئەنفال و تەعریب و تەرحیل وكیمیای و كۆڕەوی 1991 ئیرادەو هێزی گەلی نەروخان، لە دوای شۆڕشی 14ی گەلاوێژی 1958 یش بە سەرۆكایەتی (عبدالكریم قاسم ) جاریكی تر لە دەستوری ساڵی 1958 لەو سەردەم و قۆناغەدا ئۆتۆنۆمی درا بە كورد ، بەڵام سەرەڕۆی و لوتبەرزی و دیكتاتۆریەتی (عبدالكریم قاسم ) هەرزوو پاشگەز بویەوە و پەلاماری سەركردایەتی كورد و مەلامستەفای بارزانیان دایەوە ، حوكمی قاسم ڕوخا و دوای قاسمیش عارفیەكان و دواتریش بەعسیزم و سەدامیزم هەمویان لە گۆڕدان بەڵام ئیرادەو متمانەو هێزی گەل بەرابەرایەتی سەرۆك بارزانی لە لوتكەدایە و هەنگاو دەنێت بەرەو بەدیهێنانی خەونی چەندین ساڵەی كورد كە ئەویش خەونی سەربەخۆی كوردستانە .
كەتەلۆنیەكان لە ئیسپانیای بەهەشت جیادەبنەوە ، كیوبیكیش لە كەنەداو سكوتلەندییەكانیش لە بەریتانیای رۆحی ئەوروپا جیادەبێتەوە ، ئێمەی كورد بۆ لە عێراقی مرۆڤكوژو خوێنمژو زادەو سەرچاوەی تیرۆرو ترس و تۆقاندن جیانەبینەوە ؟!