هەڵبژاردن دەكرێت؟
رێبوار كەریم وەلی
(1)
ئەگەرچی هەفتەی رابردوو كۆمیسیۆنی سەربەخۆی! هەڵبژاردنەكان و ریفراندۆم، بە جیاوازیی یەك دەنگ كە ئەویش بە زەبری كوتەك دەستەبەركرابوو (نوێنەرەكەی یەكێتی سەرەتا لەگەڵدا نەبوو، دوایی دەنگی بەڵێی دا) فەرمانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانی سەبارەت بە ئەنجامدانی گشتپرسی لە 25ی ئەیلول و هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لە یەكی تشرینی دووەم پەسەند كرد، بەڵام ئەو بڕیارەی كۆمیسیۆن تەنیا بۆ ئەنجامدانی گشتپرسییە و پێناچێ بۆ هەڵبژاردنەكانی دیكە بێت.
لە سەرەتای پڕۆسەی بڕیاردان سەبارەت بە فەرمانەكەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، كۆمیسیۆن لەژێر گوشاری پارتی و گۆڕاندا (كە تەنها خاڵی هاوبەشی ئەو دوو حیزبەیە) وای دانابوو كە بڵێ كۆمیسیۆن هەموو ئامادەكارییەكی پێویستی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی و هەڵبژاردنەكان كردووە، نوێنەرانی گۆڕان لە پێناوی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان، بە هەردوو تاریخەكەی سەرۆكی هەرێم رازی بوون، بەڵام دوایی وەرەق هەڵگەڕایەوە و بێ مەیلیی یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن بووە هۆی ئەوەی كۆمیسیۆن نەڵێ ئامادەكاریی تەواوی كردووە، بەڵكو بڵێ “ئامادەكاری دەكات” كە ئەوە مانای وایە رەنگبێ پێی نەكرێت.
یەكگرتوو و یەكێتی و تەنانەت پارتیش نایانەوێ هەڵبژاردن بكرێت. پارتی مەسەلەی هەڵبژاردن وەكو كارتێكی گوشار بۆ دوو مەبەست بەكاردێنێ. یەكەمیان ئەوەیە كە پارتی باش دەزانێ دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوپەڕی دوو كورسی زیاد دەكات یان لە باشترین حاڵەتدا لە 38 كورسییەوە دەبێتە 42 كورسی كە ئەوە بەرزترین كێرڤی پارتییە، بەڵام یەكێتی و یەكگرتوو، بەو حاڵەی ئێستایان بەرامبەر گۆڕان )هاوكات لیستی دكتۆر بەرهەم ساڵح) و كۆمەڵ تووشی لەدەستدانی كورسی دەبن ئەگەر دەرفەتی زیاتریان پێ نەدرێت. بۆیە پارتی ئەو خاڵە لاوازەی ئەوانی دۆزیوەتەوە، دەنا پارتیش هیچ دەستكەوتێكی ئەوتۆی لە هەڵبژاردندا نییە.
دووەمیان ئەوەیە، كە مەعقول نییە پارتی رابەرایەتی پڕۆسەی سەربەخۆیی بكات، كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان لە گشتپرسیدا بەشدار بكات و ئینجا بێت سنووری حوكمڕانیی كوردستان دووبارە بەرێتەوە بۆ نێو ماددەی 140! بۆیە ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە تایبەتیش كە هێشتا هیچ چارەیەك بۆ یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم نەدۆزراوەتەوە، كارێكی ئەستەمە و دواخستنی بۆ ساڵێكی دیكە یەكێكە لە باشترین بژارەكان و تێكدانی نەخشەی سیاسیی ئێستای كوردستان لە قازانجی پارتی نییە.
دەستە پۆڵایینەكەی یەكێتی
(2)
بەشێك لەو تەنگەتاوییەی بزووتنەوەی گۆڕان لە دوای راگەیەندراوە پێنج خاڵییەكەی تووشی بوو، پەیوەست بوو بە بێمنەتیی پارتی، چونكە هەرچەندی كردیان نەیانتوانی ئەوە روون بكەنەوە كە ئەو پێنج خاڵە مەرجی گفتوگۆ نین، ئەوان لە كاتێكدا خۆیان داوای گفتوگۆی بێمەرجیان لە پارتی دەكرد، بۆ راگرتنی دڵی هەوادارانیان مەرجی گفتوگۆیان بۆ پارتی دانابوو. پارتی لەگەڵ یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی و كۆتاكانی ناو پەرلەمان هەموو شتێكی بڕاندووەتەوە، گۆڕان بێت یان نەیەت (كە ئەڵبەتە جاران داوای كاراكردنەوەی بێ قەید و شەرتی پەرلەمانیان دەكرد و ئێستا داوای قەید و شەرت دەكەن بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان!) پەرلەمان كارا دەكرێتەوە. ئەوەش بەرهەمی لاوازیی گۆڕانە دوای لەدەستدانی رێكخەری گشتییان و دەستی كۆسرەت رەسوڵ عەلیش لە غیابی نەوشیروان مستەفادا زۆر بەهێز بووە، ئیتر هەڕەشە و هاوپەیمانێتییەكانی باڵی دەستڕۆیشتووی پێشووی ناو یەكێتی كە بە گۆڕان دەخوڕین، بەهایەكی نەماوە.
كۆسرەت رەسوڵ، راستە ئەمڕۆ نەیتوانیوە كۆنتڕۆڵی هەموو جومگەكانی ناو یەكێتی بكات، بەڵام جۆرێك لە ئۆتۆریتە و رێكخستنی بۆ یەكێتی گەڕاندووەتەوە كە یەكێتیی بە 18 كورسی پەرلەمانەوە كردووەتەوە بە شەریكی دەسەڵات. باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتی پارچە پارچە كردووە و گەیاندوویەتیە ئاستی ئەوەی كە باڵی دەستڕۆیشتووی پێشوو بە نوێنەرایەتییەكی بنەماڵەیی لە بڕیارداندا رازی بن، نەك ئەوەی كە هەموو قەرار و مەداری یەكێتی بەدەست ئەوانەوە بێت. ئەوە جیا لەوەی كە هەموو دەنگە نەشاز و شانازەكانی ناو یەكێتی كپ و چاوترسێن كردووە. ئەگەر پارتی لەو پڕۆسەیەدا هاوكاری یەكێتی و كۆسرەت رەسوڵ بن، یەكێتی دەبێتەوە بە حیزبەكەی جاران، بەتایبەتیش كە لە تاقیكردنەوەی بەكالۆریای ئێران دەرچوون.
دكتۆر بەرهەم ناگەڕێتەوە
(3)
هەوڵەكان بۆ گەڕانەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ سەركردایەتیی یەكێتی و تەنانەت دروستكردنی ترۆیكایەك تا كۆنگرە فەشەلیان هێناوە. لەناو یەكێتیدا هەموو حیساب و كتابەكان لەسەر ئەوە بوو كە دەكرێ دكتۆر بەرهەم بە پێدانی پۆستی سەرۆككۆماری لە بەغدا قانع بكرێت. ساڵێك پێش ئێستا باڵی دەستڕۆیشتوو و ناوەندی بڕیاری كۆن، بە نووسراو پێشنیازی ئەوەیان كرد كە دەتوانن دەمودەست ئەو پۆستەی بدەنێ (واتا دكتۆر فوئاد لابدەن و ئەوی لە جێگە دانێن)، بەڵام ئەو قەبوڵی نەكرد. ئەڵبەتە ئەوە دوای ئەوە هات كە نێوانی گۆڕان و پارتی تێكچوو، چونكە موسەبیبی سەرەكی لە دەرنەچوونی دكتۆر بەرهەم لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، نەوشیروان مستەفا بوو كە ئەوسا گوشاری لە پارتی دەكرد رێ نەدەن دكتۆر بەرهەم ببێتە پاڵێوراوی یەكێتی بۆ پۆستی سەرۆككۆماری!
لەم رۆژانەدا (بێگومان دوای سەفەری سەرۆكی حكومەت بۆ تاران)، دكتۆر بەرهەمیش لە ئێران بوو، بانگهێشتی ئەمجارەی ئێرانییەكان بە ئاراستەی یەكخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتی نەبوو، بگرە بۆ سەرمایەگوزاری بوو لەسەر ئایندەی دەڤەری سەوز و نیلی. ئەوان دڵنیان كە ئیتر دكتۆر بەرهەم ناگەڕێتەوە ناو یەكێتی و كوردیش لە بڕیاری ریفراندۆم و سەربەخۆیی پاشگەز نابنەوە، بەڵام ئێران دەوڵەتێكە كە هەموو حساباتی خۆی لەگەڵ كورد لەسەر سەربەخۆیی تێكنادات، بە پێچەوانەوە حیساب بۆ دوای سەربەخۆیی دەكات و ئومێدێكی زۆریان لەسەر ئایندەی سیاسیی ئەو پیاوە هەڵچنیوە.