شاندێكی باڵای عێراق بۆ گفتوگۆكردن لە بارەی ریفراندۆم سەردانی هەولێردەكەن

 

 

دوای ئەوەی شاندێكی باڵای ریفراندۆم بە مەبەستی تاوتوێكردنی پرسی سازدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان سەردانی بەغدایان كرد, نزیكەی 45 كۆبوونەوەی گرینگیان لەگەڵ تەواوی لایەن و پێكهاتە‌ عیراقییەكان و كۆنسووڵ و باڵیۆزی وڵاتان لە عێراق له ‌بارەی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی‌ كوردستان كردووە, وا بڕیارە گفتوگۆكان درێژەی هەبێت, ئەندامێكی شاندی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بۆ بەغدا دەڵێت، ئەمرۆ سەردانەكەیان بۆ بەغدا تەواو دەبێت و گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەولێر و بەغدایش بەردەوامیان دەبێت، بۆ جاری دابێ، گفتوگۆكان لە هەولێر دەبێت.

لە لێدوانێكیدا بۆ‌ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی (سەعدی ئەحمەد پیرە) ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم و ئەندامی شاندی دانوستان بۆ بەغدا، ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ سەردانەكەیان بۆ بەغدا تەواو دەبێت و كۆبوونەوەكانمان لە بەغدا له ‌رووی نەزەرییەوە بە شێوەیەكی باش رۆییشت، ئەو بابەتانەی كە تاوتوو كران بابەتی گرینگ بوون، پێمان وایە ئەگەر له ‌سەرەتادا جێبەجێ بكرایە عیراق بەرەو قۆناغێكی تر دەرۆیی، ئەوەشی ئێستا قسەی لەسەر كراوه هەموو ئەو بابەتانەن، كە ئێمە لە هەرێمی كوردستان پێمان وایە‌ لە دژی هەرێم كراوە و، بەشێكی گەورەن لە كێشەكان كە عێراق به ‌گشتی لە بواری ئەمنی و كێشەكانی ناوخۆ و پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری و ژیانی خەڵك هەیەتی”.

(پیرە) ئاماژیشی دا، جیا لە شاندی هەرێم كە بابەتی خۆیان بە هاوپەیمانیی شیعە داوە، ئەوانیش بابەتی خۆیان بە شاندی هەرێم داوە و گوتیشی: “ئەو بابەتانەی كە ئێمە ئامادەمان كردبوو پێشكەش بە هاوپەیمانیی نشتیمانیی شیعەمان كرد، ئەوەشی ئەوان ئامادەیان كردبوو پێشكەش بە ئێمەیان كرد، هەردوولامان بە وەرقەكەمان دەگەڕێینەوە و لەگەڵ سەركردایەتیی سیاسی خۆمان دادەنیشین‌”، گوتی:
“له ‌ماوەی ئەم سێ رۆژەی ماوه،‌ لەم حەفتەیە لەگەڵ لیژنەی باڵای ڕیفراندۆم و بەڕێز كاك (مەسعوود بارزانی) و بەڕێز كاك (كۆسرەت ڕەسووڵ) و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان دادەنیشین، بۆ ئەوەی بڕیاری له ‌بارە‌وە بدەین”.

گفتوگۆ و دانوستانەكانی نێوان هەرێم و بەغدا لە دوای ریفراندۆمیش بەردەوام دەبن، “ئەگەر ڕیفراندۆمیش ئەنجام بدرێت، دواتریش گفتوگۆكان بەردەوام دەبن و له ‌ماوەی 10 رۆژی تر جارێكی تر كۆ دەبنەوه”.

لەمەڕ شوێن و وادەی كۆبوونەوەی داهاتووی شاندی باڵای ریفراندۆم لەگەڵ بەغدا، (سەعدی پیرە) ئاشكرای دەكات، كە لایەنە عێراقییەكان سەردانی هەولێر بۆ ئەو مەبەستە دەكەن، دەشڵێت: “گفتوگۆ و دانوستانەكان بۆ جاری داهاتوو لە هەولێر دەبێ، ماوەی رێككەوتنە‌كەمان بۆ دوو حەفتە دیاری كردووه،‌ ڕەنگە پێشتریش كۆ ببینەوە ئەگەر پێویست بكات”.

Back to top button