رێبوار تاڵهبانی: خۆمان به مهغدور دهزانین له بهغدا بهڵام ئاڵای كوردستان ههرگیز نایهته خوارهوه
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، فراکسیۆنی برایەتی لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک،وهڵامی بڕیارهكهی دادگای كارگێری عێراقی دایهوه و رایانگهیاند” كه ئەو بڕیارەی دادگای کارگێڕی عێراقی کاری پێناکرێت، چونکە یاسایی نییە و سیاسیە.
لەکۆنگرەیهكی رۆژنامەوانیدا،دوێنێ دووشهممه 21/8/2017، (رێبوار تاڵەبانی) سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، رایگەیاند: ئەو بڕیارە لە دادگای کارگێڕی دەرچووە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و بڕیارێکی سیاسیە، بۆیه بڕیارەکە کاری پێناکرێت و ئاڵای کوردستان له كهركوك داناگیرێت.
رێبوار تاڵەبانی ئهوهشی گوت” كه لەبەر ئەوەی گرژی لە شەقامی کەرکوک دروست نەبێت سبەینێ سێشەممە، ئەو پرسە نابەینە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی پارێزگاکە و ئەنجومەنی پارێزگا پێشتر بڕیاری خۆی داوە.
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک باسی لهوهشكرد” كه ئەو دادگایە سێ داوەری تێدایە هەر یەکێکیان لە تائیفەیەکە و نوێنەری کوردی تێدا نییە، ئێمە خۆمان لە بەغدا بە مەغدور دەزانین، هەر ئەوەش وایکردووە، ئێستا شاندی کوردی بۆ پرسی ریفراندۆم و جیابوونەوە لە بەغدان.